بەڤیدیۆ.. دانیلۆ بەفەرمی ریال مەدرید بەجێدەهێڵێت و زیدانیش چاوەڕێی کڕینی هێرشبەرێک دەکات

K24- هەولێر

زینەدین زیدان بەفەرمی رۆیشتنی دانیلۆ لە ریال مەدرید رادەگەیەنێت و دوای رۆیشتنی ئالڤارۆ مۆراتا داوای کڕینی هێرشبەرێکیش لە یانەکەی دەکات

زینەدین زیدان، راهێنەری ریال مەدریدی ئیسپانی پێش یاریی یانەکەی لە جامی نێودەوڵەتی ئامادەکاری لە ئەمریکا لە پرێس کۆنفرانسێکدا رایگەیاند 'بە یاریزانە نوێیەکان دڵخۆشم و دوێنێ گەیشتنە ئێرە و حەز دەکەن بەزووترین کات راهێنان بکەن، تاکو رۆژ31ی ئۆگێستیش بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان دەمێنێت، بۆیە دەتوانین چاوەڕێی روودانی هەموو شتێک بکەین، من نامەوێت ئێستا باسی مباپێ بکەم، دەمەوێت تەنیا بیر لە یارییەکەی مان یو بکەمەوە، بەڵام مباپێ یاریزانێکی نایابە و چەندان یانە چاویان لێیەتی، بە لەدەست دانی ئالڤارۆ مۆراتا دڵگرانین، ئێستا ئێمە هێرشبەرێکمان کەمە'.
هەروەها زیزۆ سەبارەت بە کریستیانۆ رۆناڵدۆش گوتی ' رۆژی 5 مانگی داهاتوو دەگەڕێتەوە، زۆر باسی ئەوە دەکرێت کە دەیەوێت بڕوات، بەڵام من قسەم لەگەڵی کرد و ئەو زۆر ئارامە، بەلایەنی کەم هیوادارم دوو تاکو سێ ساڵی دیکە لە ریال مەدرید بمێنێتەوە.

راهێنەرەکەی ریال مەدرید رۆیشتنی دانیلۆی لە یانەکەی بەفەرمی دووپاتکردەوە و چاوەڕێ دەکرێت ئەو بەرگریکارە بڕازیلییە بەرامبەر 30 ملیۆن یۆرۆ بچێتە مانچێستەر سیتی ئینگلیزی.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی

رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی لە ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا لێدوانەکەی زیزۆی کردووەتە مانشێتی سەرەکی و رایگەیاندووە، زیدان چاوەڕێی هێرشبەرێکی ژمارە 9 دەکات و پێیوایە دوای رۆیشتنی مۆراتا، ریال مەدرید هێرشبەرێکی کەمە، بۆیە زیزۆ داوای کڕینی هێرشبەرێک لە یانەکەی دەکات و لەوانەیە ئەو هێرشبەرەش مباپێ بێت.