شاندی کوردستان فاوندەیشن لە فێستیڤاڵی "برەین بار" بەشداریی لە چەندین دیداری ئاستبەرزدا کرد
شاندێکی "کوردستان فاوندەیشن" لە میانی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی "برەین بار 2026" لە بوداپێست، زنجیرەیەک دیداری ئاستبەرزی لەگەڵ وەزیرانی کاروباری گەنجانی ئیمارات، بەحرەین و لیبیا ئەنجامدا، بە مەبەستی پەرەپێدانی توانا و رەخساندنی دەرفەتی نوێ بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان.
هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، لە چوارچێوەی کارەکانی فێستیڤاڵی Brain Bar 2026 لە پایتەختی هەنگاریا، شاندی کوردستان فاوندەیشن چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەو بەرپرسە باڵایانە ئەنجامدا کە لەسەر ئاستی ناوچەکە سیاسەتەکانی گەنجان و دەرفەتەکانی داهاتوو دادەڕێژن.
لە نێو دیدارە سەرەکییەکاندا، شاندەکە بە جیا لەگەڵ رەوان بنت نەجیب تەوفیقی وەزیری کاروباری گەنجانی بەحرەین، سوڵتان نەیادی وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری گەنجان لە ئیمارات، و ئەندازیار هەیسەم زەحاف وەزیری گەنجانی دەوڵەتی لیبیا کۆبووەوە و پرسی هاوکارییە هاوبەشەکانی لەگەڵیاندا تاوتوێ کرد.
ئەم دیدارانە وەک وێستگەیەکی گرنگ بوون بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ڕوانگە و ئەزموونە پێشکەوتووەکان لەسەر پەرەپێدانی توانای گەنجان، برەودان بە داهێنان، رابەرایەتی و دروستکردنی دەرفەتی بەسوود بۆ نەوەی داهاتوو.
شاندەکە جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم کۆبوونەوانە رۆڵی بەرچاو دەگێڕن لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی فراوانتری نێودەوڵەتی، بە جۆرێک رێگە خۆش دەکات بۆ سوودمەندبوونی گەنجانی کوردستان لە پڕۆژە پێشەنگەکانی سەرکردایەتی و داهێنانی سەردەم.





