بارسێلۆنا ئامادە نییە لەبارەی نێیمارەوە گفتوگۆ لەگەڵ پاریس سانجێرمان بکات
K24- هەولێر
هەمووان قسە لەبارەی چارەنووسی نێیمار لە بارسێلۆنا دەکەن، تەنیا نێیمار خۆی نەبێت، بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی سپۆرتیش نیمۆ لە ماڵئاواییکردنی لە بارسێلۆنا نزیکدەبێتەوە.
زیاتر لە 15 رۆژە نێیمار بە دەنگۆی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا و چوونی بۆ پاریس سانجێرمان هەمووانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، کەچی هێشتا ئامادە نییە هیچ بڵێت.
لە کاتی نمایشکردنی بەرهەمەکانی کۆمانیای نایکی چاوەڕێدەکرا نیمۆ چەند زانیارییەک لەبارەی ئەو هەموو قسەیەوە بدرکێنێت کە رۆژانە لەبارەی داهاتووی ئەو یاریزانە بڕازیلییە بڵاودەبنەوە، بەڵام نێیمار هیچ قسەیەکی لەبارەی داهاتووەوە نەکرد.
نێیمار بەهۆی ئەو ئاڵۆزییەی لە راهێنانەکان لەگەڵ سیمیدۆ دروستی کرد، بەنزینی بەو ئاگرەداکرد کە چەند رۆژێکە خەریکە هاندەرانی بارسێلۆنا بسووتێنێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆتیڤۆی ئیسپانی لەبارەی ئاڵۆزییەکانی نیمۆ و چارەنووسی ئەو یاریزانە لە مانشێتی ئەمڕۆ شەممەیدا نووسیویەتی 'تووندترین ئاڵۆزی'.
رۆژنامەی سپۆرتیش لە ژمارەی ئەمڕۆیدا دڵی هاندەرانی بلاوگرانای تەنگکردووە و نووسیوتی 'گواستنەوەکە نزیکە'. رۆژنامەکە نووسیوتیشی نێیمار لە ماڵئاواییکردنی لە بارسێلۆنا نزیکبووەتەوە.
میدیاکانی فڕەنسا رایانگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت لەم هەفتەیە هەنگاوەکانی گواستنەوەی نێیمار بۆ پاریس سانج&ێرمان خێراتربن و بەگوێرەی سەرچاوەکان نێیمار هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ بارسێلۆنا یەکلاکردووەتەوە، بەڵام پاریس سانجێرمان هێشتا نەیتوانیوە لەرووی یاساییەوە بابەتی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی نێیمار تەواو بکات.
جۆسێپ ماریا بارتۆمیۆ لەدوایین لێدوانی لەبارەی کەیسەکەی نێیمار رەتیکردەوە ئامدەبن لەبارەی هێرشبەرە 25 ساڵانەکەی یانەکەیان گفتوگۆ لەگەڵ پاریس سانجێرمان بکەن و رایگەیاند، ئەگەر فڕەنسییەکان نێیماریان دەوێت، پێویستە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی بدەن، هەڕەشەی گرتنەبەری رێکاریی یاساییشی لە سانجێرمان کرد، ئەگەر بیر لە هەڵوەشاندنەوەی گرێبسەتەکەی نیمۆ بکەنەوە، کە نرخەکەی 222 ملیۆن یۆرۆ.
خەریکە نێیمار دەبێتە فیگۆیەکی دیکە و برینی هاندەرانی بلاوگرانا دەکوڵێنێتەوە

