رۆیتەرز: ترەمپ و شی جەنگی ئێران و پرسی تایوان تاوتوێ دەکەن
هەفتەی داهاتووم شی جینپینگ، سەرۆکی چین دوای دە ساڵ دەچێتە ئەمریکا
ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاویکردەوە، سەرۆکی ئەمریکا هەفتەی داهاتوو لە کۆشکی سپی میوانداریی سەرۆکی چین دەکات لە یەکەم سەردانیدا دوای دە ساڵ بۆ واشنتن، لە کاتێکدا هەردوو سەرکردە هەوڵ دەدەن لە رێگەی تاوتوێکردنی چارەسەرێک بۆ دۆسیە ئاڵۆزەکانی وەک جەنگی ئێران، تایوان و جەنگی بازرگانی، سەقامگیری بۆ پەیوەندییەکانیان بدۆزنەوە.
هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، رۆیتەرز بڵاوی کردووەتەوە، پێنجشەممەی داهاتوو، دەبێتە دووەم کۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و شی جینپینگ، سەرۆکی چین لە ماوەی ئەمساڵدا دوابەدوای سەردانەکەی ترەمپ بۆ بەیژینگ لە مانگی ئایاری رابردوو.
ئەم سەردانەی سەرۆکی چین لە کاتێکدایە کە ئابووریی وڵاتەکەی بۆ دووەم ساڵی لەسەریەک بەرەو تۆمارکردنی باڵانسی بازرگانیی زەبەلاح بە بەهای یەک تریلیۆن دۆلار هەنگاو دەنێت، لە کاتێکدا ترەمپ بەهۆی تێوەگلانی لە جەنگی ئێران و دابەزینی ئاستی جەماوەریی بەهۆی هەڵاوسان و گرانیی نرخەکان لە ناوخۆی ئەمریکادا، هەوڵ دەدات دەستکەوتی ئابووری لەگەڵ بەیژینگ بەدەستبهێنێت تا لە بەردەم دەنگدەرە ناڕازییەکاندا پێشاندانی بدات.
بازاڕە داراییەکانی جیهان بە وردی چاودێریی ئەم لووتکەیە دەکەن بۆ زانینی چارەنووسی ئەو ئاگربەستە گومرگییەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو لە کۆریای باشوور لە نێوان هەردوو وڵاتدا ڕاگەیەندرا و بڕیارە لە 10ی تشرینی دووەمی داهاتوو کۆتایی پێبێت، کە بووە هۆی راگرتنی سەپاندنی باجی گومرگیی زیاتر لە 100٪ بەسەر کەلوپەلی یەکتردا.
جەیمیسۆن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمریکا ئاشکرای کرد، پێشبینی دەکرێت لە لووتکەکەدا هەنگاوی نوێ لە کەرتی کشتوکاڵ رابگەیەنرێت و کڕیاران چاوەڕوانی کەمکردنەوەی باجی هاوبەش بە بەهای 30 ملیار دۆلار دەکەن، بەتایبەت لە رێگەی کەمکردنەوەی رسووماتی چین لەسەر هاوردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەمریکا.
دۆسیەی دوورگەی تایوان یەکێکی تر دەبێت لە تەوەرە هەستیارەکانی گفتوگۆکە، لە کاتێکدا هاوپەیمانە ئاسیاییەکانی ئەمریکا نیگەرانن لەوەی ترەمپ لە پێناو دەستکەوتی ئابووریدا دەستبەرداری بەشێک لە پشتیوانییە سەربازییەکانی تایوان بێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ترەمپ پێشتر رێککەوتنێکی چەکی بە بەهای 14 ملیار دۆلاری بۆ تایوان وەک "کارتی دانوستاندن" لەگەڵ چین وەسف کردبوو.
سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ رۆیتەرز ئاشکرایان کردووە، چین هەوڵ دەدات ترەمپ رازی بکات بەوەی راستەوخۆ دژایەتیی خۆی بۆ سەربەخۆیی تایوان رابگەیەنێت لەبری دەستەواژە باوەکەی چەندین دەیەی رابردوو کە تەنیا دەیگوت ئەمریکا "پشتیوانی لە سەربەخۆیی ناکات"، کە گۆڕینی ئەم هەڵوێستە کاردانەوە و رەتکردنەوەی توندی لە نێو کۆنگرێسدا لێدەکەوێتەوە.
لە دۆسیەی ئەمنیشدا، پرسی جەنگی ئێران کە ترەمپ بە سەختی لە هەوڵی کۆتاییپێهێناندایەتی گفتوگۆی چڕی لەسەر دەکرێت، بەو پێیەی چین گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێرانە لە جیهاندا و واشنتن پێیوایە سەرۆکی چین خاوەنی کارت و توانایەکی بێوێنەیە بۆ گوشارخستنەسەر تاران تا جەنگەکە رابگرێت.
لەو چوارچێوەیەشدا سکۆت بێسێنت وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتوو لەگەڵ جێگری سەرۆکوەزیرانی چین کۆدەبێتەوە تا پەیوەندییە داراییەکانی نێوان چین و تاران تاوتوێ بکەن، لە کاتێکدا واشنتن لەوە نیگەرانە کە بەیژینگ لەرێگەی بازرگانیی نەوتەوە یارمەتیی شکاندنی سزاکانی ئێرانی دابێت.