هەفتەی داهاتوو نێیمار دەبێتە یاریزانی پاریس سانجێرمان و بارسێلۆناش بەدوای شوێنگرەوەیدا دەگەڕێت
K24- هەولێر
هەفتەی داهاتوو بەفەرمی پاریس سانجێرمان گواستنەوەی نێیمار داسێلڤا بۆ ریزەکانی رادەگەیەنێت و لە ئێستاوەش بارسێلۆنای ئیسپانی هەوڵ بۆ کڕینی شوێنگرەوەی نیمۆ دەدات.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆ یەکشەممەیدا رایگەیاندووە، هەفتەی داهاتوو بەفەرمی نێیمار دەبێتە یاریزانی پاریس سانجێرمان و یانە فڕەنسییەکە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی نیمۆ دەدات کە 222 ملیۆن یۆرۆیە..
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامە کەتەلۆنییەکە نێیمار بە تەواوەتی لەگەڵ پاریس سانجێرمان رێککەوتووە و تەنیا رێککەوتنی نێوان سانجێرمان و بارسا ماوە.
میدیاکانی فڕەنساش ئاشکرایانکردووە، لە ئێستاوە بەرپرسانی پاریس سانجێرمان ئامدەکاریی بۆ ئاهەنگی ناساندنی نێیمار بە میدیاکان دەکەن و دەیانەوێت وەکو هاوینی 2012 کاتێک زڵاتان ئیبراهیمۆڤیچیان لە بەردەم تاوەری ئیڤل بە میدیاکان ناساند، ئەمجارەشیان ئاهەنگێکی مەزن بۆ پێشوازیکردن لە نێیمار سا بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش لایەنی ئەمنی و شارەوانی پاریسیان ئاگادار کردووەتەوە.
رۆژنامەی سپۆرت لە ژمارەی ئەمڕۆیدا ئاشکرایکردووە، بارسێلۆنا هەوڵ دەدات پاولۆ دیبالا یان ئانتوان گریزمان بکڕێت و بیکاتە شوێنگرەوەی هێرشبەرە بڕازیلییەکەی یانەکەی.
نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی گریزمان لەگەڵ ئاتلێتیکۆ مەدرید 100 ملیۆن یۆرۆیە، بەڵام بارسێلۆنا دەیەوێت بە پارەیەکی کەمتر رازی بکات، نرخی دیبالاش زیاتر لە 120 ملیۆن یۆرۆیە و یۆڤێنتۆس ئامادە نییە ئەو یاریزانە ئارجێنتینییە بفرۆشێت.
