تێچووی گەمارۆی سەر ئێران 7 ملیار دۆلاری تێپەڕاند
ئاژانسی بلومبێرگ لە شیکارییەکی ئابووریدا ئاشکرایکرد، ئەو ئۆپەراسیۆنە دەریاییەی ئەمریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆ بەسەر ئێران لە کانوونی دووەمی 2026 دەستیپێکردووە، تا ئێستا 7.1 ملیار دۆلاری لە خەزێنەی ئەمریکا تێچووە.
بەپێی ئەو شیکارییەی بلومبێرگ ئیکۆنۆمیکس ئەمڕۆ هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026 بڵاویکردووەتەوە، تەنیا ئەو گەمارۆ دەریاییەی لە 14ـی تەممووزی رابردوودا دەستیپێکردووە، 2 ملیار دۆلاری تێچووی کارپێکردنی کەشتییەکانی لەسەر کەوتووە. ئەمەش دەکاتە تێچوویەکی رۆژانە بە بڕی 32.5 ملیۆن دۆلار و نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە مانگێکدا.
پێشبینییەکان رایانگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکە ئێستا 22 کەشتیی جەنگی دەگرێتەوە، دەکاتە زیاتر لە 30%ـی کەشتییە جەنگییەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا. هاوکات تا ئێستا لانیکەم 28 کەشتی بەناو گەمارۆکەدا تێپەڕیون.
سێشەممەی رابردوو، نووسینگەی بودجەی کۆنگرێسی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا تێچووی گشتیی جەنگەکەی تا یەکی ئاب بە 38 ملیار دۆلار خەمڵاند. نووسینگەکە پێشبینی دەکات ئەگەر ململانێکان بە چڕییەکی کەم بەردەوام بن، تێچووی مانگانە لە نێوان 2 بۆ 3 ملیار دۆلار دەبێت.
هەمان راپۆرت ئاشکرایکرد، ژمارەکان سەبارەت بە پاشەکشەی جبەخانەی ئەمریکا نیگەرانکەرن. ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەمریکا لە حوزەیرانی 2025ـەوە تا ئێستا بە ئەگەرێکی زۆرەوە نزیکەی دوو لەسەر سێی پاشەکەوتی مووشەکە بەرگرییەکانی بەکارهێناوە.
دووشەممەی رابردوو، پێنتاگۆن لە راپۆرتێکی جیاوازدا بڵاویکردەوە، هێرشە ئێرانییەکان دەیان فڕۆکەی ئەمریکی و سەدان باڵەخانەیان لە بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا تێکشکاندووە یان زیانیان پێگەیاندووە.
ئەو ئۆپەراسیۆنە دەریاییە بە بەشداریی کەشتیگەلێک لە ناوچەی جیاواز بەڕێوەدەچێت. ژمارەیەک کەشتیی جەنگیی هێزی دەریایی حەوتەمی ئەمریکا، بنکەکەی لە ژاپۆن و گوامە، رەوانەی ناوچەی کەنداو کراون. ئەم هێزە گرووپێکی لێدانی فڕۆکەهەڵگر و دەیان کەشتیی جەنگیی دیکە، لەنێویاندا ژێردەریایی هێرشبەر لەخۆ دەگرێت.
کەشتییە بەشداربووەکان لە گەمارۆکەدا بریتین لە چوار فڕۆکەهەڵگر بە ناوەکانی یو ئێس ئێس ئابراهام لینکۆڵن، یو ئێس ئێس جێرالد فۆرد، یو ئێس ئێس جۆرج ئێچ دەبلیو بوش و یو ئێس ئێس جۆرج واشنتن. ئەو کەشتییانە هەر کەشتییەکی سەر بە ئێران رادەگرن و ئاراستەکەی دەگۆڕن هەوڵ دەدات بەناو گەرووی هورمزدا تێپەڕێت.
داتاکان ئاشکرایانکرد، گەمارۆکەی ئەمریکا لە تەممووزی رابردووەوە رێگری لە زیاتر لە 100 کەشتی کردووە، کاتی هەوڵدانیان بۆ تێپەڕین بەناو گەرووەکەدا، ئاراستەیان دەگۆڕدرێت یان بە هۆی تەقەی ئەمریکییەوە پەکدەخرێن.
لەلایەکی دیکەوە لە ئێران، مەزەندە دەکرێت گەمارۆکە کاریگەریی گەورەی لەسەر ئابووریی وڵاتەکە هەبێت کە بەهای 300 ملیار دۆلارە، بە جۆرێک رێژەی هەڵئاوسان زیاتر لە 80% بەرزبووەتەوە. پێشبینی دەکرێت نەتوانینی ئێران بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی، جگە لەو سزایانەی بەسەریدا سەپێنراون، مانگانە سەدان ملیۆن دۆلار زیان بە تاران بگەیەنێت.
شیکارییەکە رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە تەنگژەیەکی گەورەیە بۆ هێزەکانی ئەمریکا، چونکە سەرچاوە مرۆیی و سەربازییەکانی لاواز کردووە و پێگەی واشنتنی لە ناوچەکانی دیکەی جیهان، بەتایبەت لە ئاسیا لاواز کردووە، کە لەوێ چەندین پارچەی دەریایی لە هێزی حەوتەمی جێگیر لە ژاپۆن و گوام کێشراونەتەوە.
ئەم دۆخە گومانەکانی لەبارەی کەمبوونەوەی توانای سەربازیی واشنتن و بەردەوامیی ئەم ئۆپەراسیۆنە لە ماوەی درێژخایەندا زیاتر کردووە، بەتایبەت لە سایەی تێچووی زۆر و لاوازبوونی پاشەکەوتی ستراتیژیی مووشەکە بەرگرییەکان، ئەمەش لەوانەیە کاریگەریی لەسەر تواناکانی ئەمریکا هەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە ئەگەرییەکان لە ناوچەکانی دیکەی جیهاندا.
راپۆرتەکەی بلوبێرگ دوای ئەوە هات، حەسەن قەشقاوی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند، لایەنی ئێرانی لەو کاتەدا لەو روانگەیەوە دەستیپێکرد دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا وەک پیاوێکی بازرگان سەیر دەکرا، هەروەها نیشاندانی قەبارەی دەرفەتە ئابوورییە بەردەستەکان بۆ کۆمپانیا ئەمریکییەکان رەنگە رۆڵی هەبووبێت لە گۆڕینی ئاراستەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن.
قەشقاوی روونیشیکردەوە، ئەم پێشنیازە لە میانی سێ خولی دانوستانەکانی پێش هەڵگیرسانی جەنگدا خرایە روو، کە دەرفەتی هاوکاری و وەبەرهێنانی لە چەندان کەرتی وەک نەوت، گاز، کانزاکاری، ژینگە و گواستنەوە لەخۆگرتبوو.
هەروەها رایگەیاند، بەرپرسانی ئابووری لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەشدارییان لە خستنەڕووی ئەو دەرفەتانەدا کردووە، بە ئامانجی دەرخستنی قەبارەی ئەو دەستکەوتانەی دەکرا کۆمپانیا ئەمریکییەکان لە هاوکاریی ئابووری لەگەڵ ئێراندا بەدەستیبهێنن.
قەشقاوی باسی لەوەش کرد، سەرەڕای قەبارەی گەورەی ئەو پێشنیازە ئابوورییەی خرایە بەردەم لایەنی ئەمریکی، بەڵام لە کۆتاییدا ئەم هەنگاوە نەبووە رێگر لە هەڵگیرسانی جەنگەکە.
لێدوانەکانی قەشقاوی لە چوارچێوەی مشتومڕە ناوخۆییەکانی ئێراندا دێن سەبارەت بەو دانوستانانەی پێش رووبەڕووبوونەوە سەربازییەکە بەڕێوەچوون، و پرسیاری ئەوەی کە ئایا بەرژەوەندییە ئابوورییەکان تا چەند دەتوانن کاریگەری لەسەر رێڕەوی پەیوەندییەکانی نێوان تاران و واشنتن دابنێن.