بارسێلۆنا تەسلیم بووە و چاوەڕێ دەکات لە چەند کاتژمێری داهاتوو نێیمار چوونی بۆ پاریس رابگەیەنێت

K24- هەولێر

زنجیرە درامای رۆیشتنی نێیمار لە بارسێلۆنا گەیشتووەتە ئەڵقەی کۆتایی و هاندەرانی پاریس سانجێرمانی فڕەنسی بە تاسەوە چاوەڕوانی دەکەن.
لە بارسێلۆنا بە راددەیەک لە مانەوەی نێیمار بێهیوابووینە، ئێستا بیر لە قۆناخی بارسێلۆنای دوای نێیمار دەکەنەوە و پلان بۆ ئەوە دادەنێن چۆن شوێنی هێرشبەرە بڕازیلییەکە پڕ بکەنەوە.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە رووپەڕی ژمارەی ئەمڕۆ دووشەممەیدا وێنەیەکی نێیماری داناوە و نووسیویەتی دەڕوات،
رۆژنامەکە ئاشکراشیکردووە، بارسێلۆنا تەسلیم بووە و دەزانێت رۆیشتنی نێیمار لە بارسێلۆنا یەکلابووەتەوە و تەنیا چەند کاتژمێرێک ماوە بۆ ئەوەی بەفەرمی نێیمار بەخۆی گرێبەستە مێژووییەکە رابگەیەنێت.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانیاش، کلاسیکۆ دۆستانەکەی ئەمریکا دوایین کلاسیکۆی نێیمار بووە، هەر بۆیە دوای یارییەکە نیمۆ بۆ ماوەی 15 خولەک سەردانی ژووری جڵگۆڕینی ریال مەدریدی کردووە و ماڵئاوایی لە یاریزانانی ریال مەدرید کردووە.
بەمەش رۆیشتنی نێیمار پێش جامی سوپەری ئیسپانیا مسۆگەرە و وادیارە نێیمار دڵنیایە لە 10 رۆژی داهاتوودا پرۆسەی گواستنەوەی بۆ پاریس کۆتایی دێت.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆش لە ژمارەی ئەمڕۆیدا باسی قۆناخی دوای نێیماری کردووە و کیلیان مباپێ و عوسمان دێمبیلی و فیلیپ کۆتینهۆی بەربژێر کردووە، بۆ ئەوە شوێنی نێیمار بگرنەوە.
بەگوێرەی سەرچاوە هەواڵییەکان، لەوانەیە نێیمار لەبری ئەوەی بچێتە چین، گەشتی دەوحە بکات و لەگەڵ ناسر خلێفی سەرۆکی پاریس سانجێرمان خاڵێک لە کۆتایی ئەو هەواڵە دابنێت، کە نزیکەی 20 رۆژە میدیا جیهانییەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە.

رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی
رووپەڕی ئەمڕۆی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی