تەقینەوەیەکی بەهێز لە جبەخانەیەکی چەک لە دێرەزوور روویدا

میدیای فەرمیی سووریا بڵاویکردەوە، تەقینەوەیەکی گەورە جبەخانەیەکی چەک و تەقەمەنیی لە ناوچەی سەربازیی عەیاش لە رۆژئاوای پارێزگای دێرەزوور هەژاندووە، و دەستبەجێ تیمەکانی فریاکەوتن و بەرگریی شارستانی بۆ شوێنی رووداوەکە بەڕێکەوتوون.

هەینی 18ـی ئەیلوولی 2026، بەپێی زانیارییەکانی میدیاکانی سووریا، دەنگی تەقینەوەیەکی ئێجگار بەهێز لە شارۆچکەی عەیاش کە دەکەوێتە بەشی رۆژئاوای دێرەزوور بیستراوە و ترس و دڵەڕاوکێی لای دانیشتووانی ناوچەکە دروستکردووە.

بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان دەریانخستووە، رووداوەکە لە نێو کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە ناوچەی عەیاشی سەربازی بووە، کە یەکێکە لەو پێگانەی ژمارەیەک لە یەکە سەربازییەکانی سوپای سووریای لێ جێگیر کراوە.

دەستبەجێ دوای تەقینەوەکە، تیمەکانی فریاگوزاریی تەندروستی، ئەمبوڵانسەکان و تیمەکانی بەرگریی شارستانی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشیی بەپەلەوە و رەوانەی شوێنی رووداوەکە کراون تا لە ئەگەری کەوتنەوەی ئاگر کۆنترۆڵی بکەن.

تاوەکو ئێستا هیچ زانیاری و ئامارێکی فەرمی سەبارەت بە ژمارەی قوربانییەکان، قەبارەی زیانە ماددییەکان، و هۆکاری تەقینەوەی ئەو جبەخانەی چەکە بڵاونەکراوەتەوە، و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەستیان بە لێکۆڵینەوە لە چۆنیەتیی رووداوەکە کردووە.