'کریستیانۆ رۆناڵدۆ 7 ساڵ زیندانی دەکرێت'
K24- هەولێر
کریستیانۆ رۆناڵدۆ هێشتا لەسەر ئەستۆپاکی خۆی لە کەیسی تۆمەتباربوونی بە خۆدزینەوەی لە باجدان سوورە، بەڵام ئەگەر تۆمەتەکانی بەسەردا ساخبێتەوە لەوانەیە بەهۆی کەللەڕەقییەکەی حەوت ساڵ زیندانی بکرێت.
رۆژنامەی مارکای ئیسپانی ئاشکرایکردووە، رۆناڵدۆ دوای ئامادەبوونی لەبەردەم دادگەی پۆزیلۆ، تاکو رۆژی 11ی ئەم مانگەی لە بەردەمە بۆ ئەوەی ئەستۆپاکی خۆی لەو چوار تۆمەتە بسەڵمێنێت کە دراونەتە پاڵی یانیش دان بە تاوانەکان بنێت، ئەگینا لەوانەیە دواتر بابەتەکە ئاڵۆزتر بێت و مۆنیکا گۆمێزی دادوەر ناچار بێت کەیسەکە رەوانەی دادگای باڵای ئیسپانیا بکات، ئەوکاتیش بەلایەنی کەم دادگە بە زیندانیکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ سزای دەدات.
رۆناڵدۆ لە ساڵانی 2011 تاکو 2014 بە خۆدزینەوەی لە دانی 14 ملیۆن و حەوت سەد هەزار یۆرۆ تۆمەتبارە و گومانی ئەوەی لێ دەکرێت بەشێک لە داهاتەکەی لە چاوی دەستەی باجی ئیسپانیا شاردبێتەوە، ئەگەر تاکو رۆژی 11ی ئەم مانگە دان بە دروستی تۆمەتەکە بنێت، ئەوا لە زیندانیکردن دەربازی دەبێت و بە دانی 28 ملیۆن یۆرۆ بۆ دەستەی باج ئەم کەیسەی لەکۆڵ دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر رۆناڵدۆ لە ئەستۆپاکی خۆی دڵنیا بێت و پێداگیری بکات، کەیسەکەی شەش مانگ تاکو 18 مانگ دەخایەنێت.
نێیمار، مێسی، دیماریا و ماسکیرانۆ پێشتر دوای چوونە بەردەم دادگە بە پارە خۆیان لە زیندانیکردن رزگارکرد و دادگە لەکۆڵیان بووەوە، بەڵام دوای ئەوەی کریستیانۆ چووە بەردەم دادگە رۆژنامەکانی کەتەلۆنیا بلاویانکردەوە، بابەتەکەی رۆناڵدۆ لە بابەتەکەی نێیمار و مێسی ئاڵۆزترە و ئەستەمە بە ئاسانی ئەستۆپاک دەربچێت.