راپرسییه‌ك: زۆربه‌ی خه‌ڵكی كوردستان پشتگیری ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ن
زۆرینه‌ی به‌شداربووان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان راسته‌وخۆ دوای ریفراندۆم ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ رابگه‌یه‌نرێت
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی ئه‌نجامی راپرسییه‌كی په‌یمانگای ناوینی نیوده‌وڵه‌تی بۆ ريفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی، كه له هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدراوه، زۆربه‌ی هه‌ره زۆری خه‌ڵك پشتگیری له ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن.
راپرسییه‌كه له شاره‌كانی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و هه‌ڵه‌بجه و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم ئه‌نجامدراوه و تێیدا 66.5% به‌شداربووانی راپرسییه‌كه، به به‌ڵێ ده‌نگیان بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان داوه.
له به‌رامبه‌ریشدا ته‌نها 26%ى به‌شداربوون به نه‌خێر ده‌نگ ده‌ده‌ن و 6.6%يش خۆیان یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه.
یه‌كێك له پرسیاره‌كانی راپرسییه‌كه ده‌ڵێت "پێت باشه دوای ریفراندۆم راسته‌وخۆ سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نرێت یان به گفتوگۆ له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌و كاته دیاری بكرێت؟"، به‌شداربووانی راپرسییه‌كه به رێژه‌ی 55.7% به به‌ڵێ و 28.8% به نه‌خێر ده‌نگییان داوه، 16%ی بهشدارببوانیش خۆیان یه‌كلا نه‌كردووه‌ته‌وه.
سه‌باره‌ت به پرسیاری ئه‌وه‌ی "پێت باشه كێ سه‌رپه‌رشتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بكات؟" 35.8% پێیان باشه كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵبژاردن و راپرسی له هه‌رێم سه‌رپه‌رشتی بكات، 36%یش پێیان باشه نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ئه‌و ئه‌ركه بگرێته ئه‌ستۆ، 20.6%یش به باشی ده‌زانن یه‌كێتی ئه‌وروپا و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا سه‌رپه‌رشتی ریفراندۆمه‌كه بكه‌ن، هاوكات ته‌نها 7.6%ی به‌شداربووان وای به‌باش ده‌زانن كه كۆمیسیۆی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق ئه‌و كاره بكات.
ته‌واوی چین و توێژه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان، له ئایین و پێكهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی دیكه، له ته‌واوی ئاسته جیاجیاكانی خوێنده‌واری، به‌شدارییان له راپرسییه‌كه‌دا كردووه.