هیتله‌ر دوو چینی به ده‌ستگیركردن ده‌دات
له ئه‌ڵمانیا به‌كارهێنانی هێما و سیمبولی نازییه‌كان قه‌ده‌غه‌یه

K24 - هه‌ولێر:
پۆلیسی ئه‌ڵمانی دوو گه‌شتیاری چینی به تۆمه‌تی به‌كارهێنانی هێما و سیمبولی نازییه‌كان و هیتله‌ر له به‌رده‌م باڵه‌خانه‌ی رایخستاگ "باره‌گای په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا" ده‌ستگیركرد، چونكه وه‌ك هیتله‌ر سڵاویان كردووه‌و ئه‌وه‌ش قه‌ده‌غه‌یه و پێچه‌وانه‌ی یاسای ئه‌و وڵاته‌یه.
ئه‌فسه‌رانی پۆلیسی شاری به‌رلینی پایته‌خت ده‌ڵێن "ئێمه دوو پیاوی چینی كه ته‌مه‌نیان 36 ساڵ و 49 ساڵانه ده‌ستگیر كردووه، پاش ئه‌وه‌ی شایه‌تیان له‌سه‌ر دراوه كه هاوشێوه‌ی نازییه‌كان و هیتله‌ر سڵاویان كردووه‌و یه‌كێكیان به مۆبایل وێنه‌ی هاوڕێكه‌ی دیكه‌ی خۆی گرتووه".
پۆلیس له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند "ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی رووبه‌ڕووی ئه‌و دوو پیاوه چینییه كرابوونه‌وه، به‌هۆی به‌كارهێنانی سیمبولی رێكخراوه نایاساییه‌كانه‌وه بووه"، پاش ئه‌وه به كه‌فاله‌تی 500 یۆرۆ (588 دۆلار) بۆ هه‌ر یه‌كێكیان ئازادكراون".
ئه‌ڵمانیا یاسای توندی دژی گوتاری هه‌ست برینداركه‌ر و به‌خشینه‌وه‌ی رق و كینه ده‌ركردووه، ئه‌و هێما و سیمبولانه‌ی نازییه‌كان و هیتله‌ریش یاساكان ده‌یانگرێته‌وه.
باڵه‌خانه‌ی "رایخستاگ" یه‌كێكه له سیمبوله گرنگه‌كانی ئه‌ڵمانیا، له ساڵی 1933 له لایه‌ن كه‌سێكه‌وه كه به نازیی ناسراوه ئاگری تێبه‌ردرا و وێرانكرا. زانیارییه‌كان ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن كه له لایه‌ن نازییه‌كانه‌وه پاره‌ی وه‌رگرتبوو تا ئه‌و كاره بكات، پاشان ده‌ستیان كرد به لۆمه‌كردنی شیوعییه‌كان و ئه‌و رووداوه‌یان قۆسته‌وه تا ئازادییه‌كان كۆت و به‌ند بكه‌ن.