لە كۆڕەكەی شاسوار عەبدواحید ھێرش دەكرێتەسەر پشتیوانانی سەربەخۆیی كوردستان

ئەو گەنجە بە شاسوار دەڵێت: ریفراندۆم بۆ میللەتە بۆ ئەوەی سەربەخۆ بین، ئەو هەموو خوێنەی ڕشتووە، بەس نییە

K24 - ھەولێر

لە کۆڕەكەی شاسوار عەبدولواحید، خاوەنی کۆمپانیای نالیا كە دوێنێ بۆ دژایەتیكردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە سلێمانی ئەنجامیدا، پشێوی دروستبوو، چەند كەسێك لە كۆڕەكەدا پشتیوانیان لە سەربەخۆیی کوردستان کرد و ھەڕەشەی دەركردنیان لێكرا.

بەگوێرەی گرتە ڤیدیۆیەك كە باسنیوز بڵاویكردووەتەوە، گەنجێك بەناوی كامەران، كە خەڵكی سلێمانییە لە كۆڕەكەی شاسوار عەبدولواحید، پشتیوانی لە ریفراندۆم دەكات و باسی قوربانیدانی گەلی كورد دەكات كە بۆ سەربەخۆیی و ئازادی داویەتی و دەڵێت: "ریفراندۆم بۆ میللەتە، بۆ ئەم خەڵکەیە تاوەکوو دواتر سەربەخۆ بین، ھی پارتی دیموکراتی کوردستان نییە" ئەو گەنجە لە شاسوار عەبدولواحید دەپرسێ "ئەرێ ئەم میللەتەی ئێمە ئەو هەموو خوێنەی ڕشتووە، بەس نییە؟".

دوای ئەوەی ئەو گەنجە رای خۆی دەردەبڕێت و پشتوانی لە سەربەخۆیی كوردستان دەكات، ژمارەیەك لەو گەنجانە بە پاس لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان ھێنرابوونە سلێمانی، پشێویان دروست كرد و ھەڕەشەیان لەو گەنج و ھاوڕێكانی كرد، كە پشتیوانیان لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دەكرد".