وەزارەتی نەوتی عێراق ھەناردەی نەوتى کەرکووکى راگرت

"حكوومەتی عێراق لە رێگەی نووسراوێكی فەرمێ نەوتی راگرتووە"

K24 - كەركووك

ئەمڕۆ یەکشەممە بەبێ ئەوەى هۆکارەکەى روون بکرێتەوە حکوومەتى عێراق لەرێگاى نووسراوێکەوە کە ئاڕاستەى کۆمپانیاى نەوتى باکورى کردبوو، هەناردەى نەوتى کەرکووکى راگرت.

فوئاد حوسێن، ئەندامى لیژنەى نەوت وزە لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووك، بە کوردستان 24 گوت: "وەزارەتى نەوتى عێراق لە رێگاى نووسراوێکەوە ئەو بەشە نەوتى راگرت کە بە رێگاى بۆریەوە هەناردەى بەندەرى جیهانى تورکی دەکرا و بەخاکى هەرێمى کوردستاندا تێپەڕدەبوو.

بەوتەى فوئاد حوسێن، تا ئێستا هۆکارى راگرتنەکە روون نەکراوەتەوە، بەڵام پێدەچێت بابەتەکە سیاسی بێت، چونکە ئێستا حکوومەتى عێراق خواستى لەسەر نەوتى کەرکووك نەماوە و کۆى گشتى نەوتى کەرکووك 17% بەرهەمى نەوتى عێراق پێکدەهێنێت و 83% بەرهەمى نەوتى عێراق ئێستا لەشارى بەسرەیە.

کۆى گشتى بەرهەمى رۆژانەى کێڵگە نەوتییەکانى سەر بەکۆمپانیاى نەوتى باکوور 160 هەزار بەرمیل نەوتە، لەو ژمارەیەش 50 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە هەناردەى بەندەرى جیهانى تورکى دەکرا، بەڵام وەزارەتى نەوت ئەو بەشە نەوتەش بەفەرمانێکى ئیدارى راگرت.

هەر سێ کێڵگەى( جەمبور و باوەگوڕگوڕ و خەبازە) لەلایەن کۆمپانیاى نەوتى باکوورەو سەرپەرشتى دەکرێن.