هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركووك ده‌ستیپێكرده‌وه‌

دوای سێ كاتژمێر له‌ راگرتنی

K24 - كه‌ركووك:

دوای سێ كاتژمێر وه‌ستان، هه‌نارده‌ی نه‌وتی كه‌ركووك ده‌ستیپێكرده‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەبێ ئەوەى هۆکارەکەى روون بکرێتەوە، وا بڵاوكرایه‌وه‌، حکوومەتى عێراق لەرێگاى نووسراوێکەوە کە ئاڕاستەى کۆمپانیاى نەوتى باکوورى کردبوو، هەناردەى نەوتى کەرکووك راگرت.

فوئاد حوسێن، ئەندامى لیژنەى نەوت وزە لە ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووك، بە کوردستان 24 گوت: "وەزارەتى نەوتى عێراق لە رێگاى نووسراوێکەوە ئەو بەشە نەوتى راگرت کە بە رێگاى بۆریەوە هەناردەى بەندەرى جیهانى تورکی دەکرا و بەخاکى هەرێمى کوردستاندا تێپەڕدەبوو"، به‌ڵام ئێستا پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنی ئه‌و بڕه‌ نه‌وته‌، ده‌ستیپێكردووه‌ته‌وه‌.

بەوتەى فوئاد حوسێن، هۆکارى راگرتنەکە روون نەکراوەتەوە، بەڵام پێدەچێت بابەتەکە سیاسی بێت، چونکە ئێستا حکوومەتى عێراق خواستى لەسەر نەوتى کەرکووك نەماوە و کۆى گشتى نەوتى کەرکووك 17% بەرهەمى نەوتى عێراق پێکدەهێنێت و 83% بەرهەمى نەوتى عێراق ئێستا لەشارى بەسرەیە.

کۆى گشتى بەرهەمى رۆژانەى کێڵگە نەوتییەکانى سەر بەکۆمپانیاى نەوتى باکوور 160 هەزار بەرمیل نەوتە، لەو ژمارەیەش 50 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە هەناردەى بەندەرى جیهانى تورکى ده‌كرێت.

هەر سێ کێڵگەى( جەمبور و باوەگوڕگوڕ و خەبازە) لەلایەن کۆمپانیاى نەوتى باکوورەو سەرپەرشتى دەکرێن.