یەکشەممە یاریزانانی بارسێلۆنا بە ریزگرتن و چەپڵەڕێزانەوە پێشوازی لە یاریزانانی ریال مەدرید دەکەن؟

K24- هەولێر

هاندەران و یاریزانانی ریال مەدرید بەهیوای دووبارەبوونەوەی یادگارییەکی خۆشی نۆ ساڵ لەمەوبەرن، دەیانەوێت دوای نۆ ساڵ یاریزانانی بارسێلۆنای رکابەری لەمێژینەییان بوەستن و چەپڵەیان بۆ لێبدەن.
لە ئیسپانیا و ئەوروپا بووەتە نەریتێک هەر کاتێک یانەیەک ببێتە پاڵەوان، ئەوا لە یاریی دواتر تیپی بەرامبەر بە ریز دەوەستن و لە پێشوازیی یاریزانانی یانە پاڵەوانەکە چپڵەیان بۆ لێدەدەن.
دوای ئەوەی ریال مەدرید بووە سووپەری ئەوروپا و لە مانچێستەر یونایتدی بردەوە رۆژنامەی مارکا لەدویین ژمارەی پرسیاری ئەوەی کردووە، ئایا بارسێلۆنا چەپڵە بۆ ریال مەدرید لێدەدات؟
رۆژنامە مەدریدییەکە دوو نموونەی هێناوەتەوە، پێنج ساڵ لەمەوبەر کاتێک ئاتلێتیکۆ مەدرید جامی سووپەری ئەوروپای بەدەستهێنا، یاریزانانی رایۆ ڤاییکانۆ لە یاریی دواتر چەپڵەیان بۆ یانە مەدریدییەکە لێدا، هاوینی 2004یش یاریزانانی ڤیاڕیال چەپڵەیان بۆ ڤالێنسیای سووپەری ئەوکاتی ئیسپانیا لێدا.
رۆژنامەکە نووسیویەتی پێویستە رۆژی یەکشەممە یاریزانانی بارسێلۆنا چەپڵە بۆ ریال مەدریدی سووپەری ئیسپانیا لێبدەن، لەکاتێکدا سێ ساڵ لەمەوبەر سەرەڕای ئەوەی ریال مەدرید بووە سووپەری ئەوروپا، کەچی ئاتلێتیکۆ مەدرید رەتیکردەوە لە یاریی دواتر چەپڵە بۆ سووپەرەکەی ئەوروپا لێبدەن.
لە 2008 بەهۆی ئەوەی ریال مەدرید سێ گەڕ زووتر نازناوی لالیگای بۆ خۆی یەکلاکردبووەوە، یاریزانانی بارسێلۆنا چەپڵەیان بۆ مەدردیییەکان لێدا، بەڵام هێشتا دیار نییە یەکشەممە یاریزانانی بارسێلۆنا لە یاریی چوونی جامی سووپەری ئیسپانیا لە کامپ نوو بە چەپڵەڕیزان و ریزگرتن پێشوازیی لە ریال مەدریدی سووپەری ئەوروپا دەکەن یان نا