وەزارەتی پەروەردەی عێراق: زیاتر لە 11 هەزار فەرمانبەری عێراق نەخوێندەوارن

وێنە: ژیریی دەستکرد
وێنە: ژیریی دەستکرد

وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاشکرای کرد کە زیاتر لە 11 هەزار فەرمانبەر لە دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی عێراق توانای خوێندنەوە و نووسینیان نییە، هاوكات رایگەیاند رێژەی نەخوێندەواری لە وڵاتدا گەیشتووەتە 15.3% کە نزیکەی 6 ملیۆن و 500 هەزار تا 6 ملیۆن و 900 هەزار کەس دەبێت.

کەریم سەید، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، راپرسییە پەیوەندیدارەکان بە سەرژمێریی دانیشتووان نیشانی دەدەن کە رێژەی نەخوێندەواری لە عێراق 15.3%یە. ئاماژەی بەوەش دا، پارێزگاکانی نەینەوا، موسەننا و میسان بەرزترین رێژەی نەخوێندەوارییان تێدا تۆمار کراوە، لە کاتێکدا هەولێر و سەلاحەدین لە رێژە نزمەکاندان و بەغداش کەمترین رێژەی تۆمار کردووە کە 10%یە.

گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردە روونی کردەوە، دەستەی جێبەجێکار بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری زیاتر لە 1200 سەنتەری تایبەتمەندی لە سەرانسەری عێراقدا هەیە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار کەس سوودمند بوون لە بەرنامەکانی. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ژمارەی ئەو فەرمانبەرە مەدەنی و سەربازییانەی لە پرۆسەی خوێندندان گەیشتووەتە 57 هەزار و 512 کەس، کە 5,832یان مەدەنی و 10,366یان سەربازین.

سەید باسی لەوەش کرد کە زیاتر لە 11 هەزار فەرمانبەر لە دامەزراوەکانی دەوڵەتدا توانای خوێندنەوە و نووسینیان نییە، لەوانەش فەرمانبەر لە وەزارەتە مەدەنییەکانی وەک نەوت و کەرەبا، جێگەی ئاماژەیە لە ناوەڕاستی مانگی ئابی رابردوودا ئاشکرا کرابوو کە نزیکەی 20 هەزار کارمەند لە وەزارەتی کەرەبا هیچ بڕوانامەیەکی خوێندنیان نییە. بە هەمان شێوە لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی وەک بەرگری، ناوخۆ و حەشدی شەعبیش کەسی نەخوێندەوار هەن.

لەلایەکی دیکەوە، عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە وەزارەتی پەروەردە کرد یاسای ژمارە 23ی ساڵی 2011ی تایبەت بە نەهێشتنی نەخوێندەواری چالاک بکاتەوە و بەرنامەکانی گەشە پێ بدات. ئەمەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە مانگی نیسانی رابردوودا رایگەیاندبوو رێژەی نەخوێندەواری بۆ تەمەنی 10 ساڵ و بەرەو سەرتر بۆ 15% دابەزیوە، دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوودا لە 20% زیاتر بوو.