بارسێلۆنا خەریکە یاریزانێکی دیکەشی بەهۆی پێدانی نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەدەست بدات
K24- هەولێر
چەندان یانەی ئەوروپی لەسەر هێڵن بۆ ئەوەی سێرجی رۆبێرتۆ لە چنگی بارسێلۆنا بڕفێنن.
رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە ژمارەی ئەمڕۆ پێنجشەممەیدا ئاشکرایکردووە، یانەکانی مانچێستەر یونایتد و چێڵسی ئینگلیزی و یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی دەیانەوێت رۆبێرتۆ ببەنە ریزەکانی، تانانەت هەر سێ یانەکە ئامادەن 40 ملیۆن یۆرۆ لە بەرامبەر کڕینی رۆبێرتۆ بدەن کە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەیەتی لەگەڵ بارسا.
رۆژنامەکانی بەریتانیا ئاشکرایانکردووە، چێڵسی لەسەر داوای ئەنتۆنیۆ کۆنتی پێداگیری دەکات بۆ ئەوەی لەم هاوینە نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی رۆبێرتۆ بدەن و ئەو یاریزانە 25 ساڵانە بگوازنەوە یانەکەیان، لەکاتێکدا بارسا هەر لەم هاوینە بەرامبەر 222 ملیۆن یۆرۆع بەهۆی پێدانی نرخی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی نێیماری لەبەرژەوەندی پاریس سانجێرمان لەدەست دا.
