جەمیل بایك بۆ یەكێتی: ھیوادارین ئاگاداری پیلانەكەی توركیا نەبووبن
"خیانەتێكی گەورەیە بەرامبەر پەكەكە"
K24 - ھەولێر
لە چەند رۆژی رابردوو پەكەكە ژمارەیەك ھاووڵاتی توركیایان لە قەزای دوكانی سەر بە پارێزگای سلێمانی دەستگیركرد و بڵاویان كردەوە، ئەو كەسانە سەر بە دەزگای میتی توركیان و پیلانی كوشتنی سەركردەیەكی پەكەكەیان ھەبووە، سەعدی پیرە وتەبێژی یەكێتی رایگەیاندبوو، كە ئەوان ئاگاداری ئەو پیلانە نەبوونە، لەبەرامبەردا جەمیل بایك رایدەگەیەنێت، ھیوادارین یەكێتی ئاگادار نەبووبێت.
بە گوێرەی میدیاكانی پەكەكە جەمیل بایك، هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاندووە: "سەعدی پیرە دەڵێت ئاگاداری پیلانەکانی میتی تورک نەبووین، هیوادارین هەر وابێت".
بایك دەڵێ: "ئەو پیلانە نەك تەنیا لە باکوور و تورکیا بەڵکو لە ئەوروپا و لە باشووری کوردستان و هەموو ناوچەکانی دیکە هەوڵدەدەن، ئەو قسانەی سەعدی ئەحمەد پیرە لە بارەی پیلانی میتەوە راستن، بەنیازی ئۆپەراسیۆنی دژی پەکەکە خۆی رێکخستووە، لەم نێوانەدا سەعدی پیرە دەڵێت، کە یەکێتی ئاگاداری ئەو پیلانانە نەبووە، هیوادارین هەر وا بێت".
هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەرایەتی كەجەكە دەشڵێت: "هیوادارین ئەو هەوڵانەیان بە ئەنجام نەگات، چونکە ئەگەر بە ئەنجام بگەن خیانەتی گەورە ڕوودەدات، ئەوە نەتەنیا خیانەت نییە بەرامبەر پەکەکە، بەڵکو خیانەتێکی گەورەشە بە گەلی کورد، نابێت هیچ هێزێکی کوردستانی هاوکاری پیلانگێڕییە قێزەونەکانی توركیا بکات، نابێت بەگوێرەی داواکاری و ئامانجەکانی دەوڵەتی تورك هەڵوێست بگرن، چونکە بەم کارە گەورەترین زیان بە خۆیان دەگەیەنن، بەم بۆنەیەشەوە هەموو هێزەکانی باشووری کوردستان هۆشیار دەکەمەوە کە نەکەونە داوی پیلانگێڕییەکانی دەسەڵاتداریی تورکەوە".
ئەمە لەكاتێكدایە بەھۆی دەستگیركردنی ژمارەیەك ھاووڵاتی توركی لەلایەن پەكەكە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، رۆژی 24 ئەم مانگە حكوومەتی توركیا بەھرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەكێتی لە وڵاتەكەی ناردەوە ھەرێمی كوردستان.