سەرۆك بارزانى پێشوازی لە شاندێکی باڵای دیپلۆماسی و سەربازیی ئەمەریکا كرد

سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێ بۆ هەردوو ژەنەراڵ خواست

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆك مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی باڵای ئەمەریکا کرد.

وه‌ك له‌ راگه‌يه‌ندراوى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمدا هاتووه‌ و وێنه‌يه‌كى بۆ كوردستان 24 نێردراوه‌، شانده‌كه‌ پێكهاتبوو له‌ دۆگڵاس سلیمان باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، ژەنەراڵ تاونسێند فەرماندەی گشتیی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق و سووریا، ژەنەراڵ فانک کە لە شوێنی ژەنەراڵ تاونسێند دەستبەکار دەبێت و کین گرۆس کونسوڵی گشتیی ئەمەریکا لە هەولێر. 

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌، لە سەرەتای دیدارەکەدا ژەنەراڵ تاونسێند رایگەیاند، کە ئەرکەکەی وەک فەرماندەی گشتیی هێزە هاوپەیمانەكان لە عێراق و سووریا کۆتایی هاتووە و دەگەڕێتەوە وڵاتەکەی و ژەنەراڵ فانک لە شوێنی ئەو دەستبەکار دەبێت.

له‌ به‌رامبه‌ردا سەرۆک بارزانی هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێ بۆ هەردوو ژەنەراڵ خواست.

لە درێژەی دیدارەکەدا بە وردی باسی رەوشی مووسڵ و بەرەکانی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ تیرۆریستان بەگشتی و ناوچەی تەلەعفەر بەتایبەتی کرا.

هەردوولا هاوڕا بوون کە دەرکردنی داعش لە مووسڵ و ناوچەکانی دیکە بەمانای کۆتایی تیرۆر نایەت.

هه‌روه‌ها جەخت لەسەر بەردەوامیی هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا کرایەوە.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا رەوشی سیاسی و ئەمنیی عێراق و سووریا و پێشکەوتنەکان لە دژی داعش، خرانە بەرباس.