یەكێتی لەسەر ناردنەوەی بەھرۆز گەڵاڵی روونكردنەوە دەدات

"وەڵامی ئەندامێكی كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌جه‌كه‌ دەداتەوە"

K24 - سلێمانی

لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، لەبارەی گرژییەكانی نێوان یەكێتی و توركیا و ناردنەوەی بەھرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەكێتی لە توركیا بۆ ھەرێمی كوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی رایدەگەیەنێت، ئه‌م گرژییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌وڵدانی دام و ده‌زگاكانی هه‌واڵگریی توركیا بۆ ئۆپه‌راسیۆنێك له‌ سنووری سلێمانی به‌بێ ئاگاداری دام و ده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌دژی په‌كه‌كه‌.

وتەبێژی یەكێتی داوا لە كەجەكە دەكات "پێویسته‌ كەجەكە ئه‌م قسه‌ نا مته‌وازنانه‌ی كه‌ دیار غه‌ریب به‌رامبه‌ر یه‌كێتی  كردوونی ره‌تبكاته‌وه"‌.

سەعدی پیرە رایگەیاند: "له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا په‌یوه‌ندیی نێوان كۆماری توركیاو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، گرژی به‌خۆوه‌ بینی، هۆی ئه‌م گرژییه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌وڵدانی دام و ده‌زگاكانی هه‌واڵگریی توركیا بۆ ئۆپه‌راسیۆنێك له‌ سنووری سلێمانی به‌بێ ئاگاداری دام و ده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان له‌دژی په‌كه‌كه"‌.

گوتەبێژی یەكێتی راشیگەیاند: "له‌ئه‌نجامدا ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ هه‌ر له‌ بێخه‌وه‌ مردار بووه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی كه‌ به‌مكاره‌ هه‌ستان له‌لایه‌ن ئاژانسێكی سه‌ر به‌ په‌كه‌كه‌وه‌، به‌ نابووتی به‌ره‌وڕووبوونه‌وه‌، دیاره‌ له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌دا توركیا ئۆقره‌ی دیپلۆماسی نه‌گرت‌ و وایكرد كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانی فاتوره‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ سه‌رنه‌كه‌وتووه‌كه‌ی هه‌واڵگریی توركیا بدات، ئه‌ویش به‌وه‌ كۆتایی پێهات كه‌ به‌هرۆز گه‌ڵاڵی نوێنه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانی له‌ ئه‌نقه‌ره‌ وه‌ده‌ربنێن".

لە بەشێكی دیكەی لێدوانە رۆژنامەوانیەكەدا پیرە ئاماژەی بەوەدا: "پێمان وایه‌ وه‌ده‌رنانی كاك به‌هرۆز گوزارشتی هه‌ڵوێستی توركیایه‌ له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌ كوردستانییه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌وباره‌یه‌وه‌  ئێمه‌ له‌دانیشتنێكدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز مه‌ولود چاوش ئۆغڵو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌ باسی ئه‌وه‌مان كرد باشتره‌ ئه‌مجۆره‌ كێشانه‌ به‌ هێمنی نه‌ك به‌ ته‌شه‌نوج چاره‌سه‌ر بكرێن چونكه‌ ئێمه‌ دوای چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشانه‌ش هه‌ر به‌ جیران ده‌مێنینه‌وه"‌.

گوتیشی: "به‌ هه‌ر جۆرێك بێت، ئێمه‌ سه‌رقاڵی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ین‌ و به‌كارێكی خراپیشی ده‌زانین، چونكه‌ نابێت یه‌كێتیی نیشتمانی فاتوره‌ی سه‌رنه‌كه‌وتنی ئۆپه‌راسیۆنێكی دام و ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی توركیا بدات له‌لایه‌ك، له‌لایه‌كی تریش ئه‌مه‌ كارێكی دروست نییه‌ له‌ڕووی نه‌زاكه‌تی دیپلۆماسی كه‌ وڵاتێكی تر با دراوسێش بێت، با په‌یوه‌ندیشمان باش، یان گریمان خراپ بێت، سه‌روه‌ریی هه‌رێمی كوردستان بریندار بكات‌و له‌وێوه‌ هه‌وڵی له‌وجۆره‌ بدات، جا به‌تایبه‌ت ئه‌و كاره‌ش دژی هێزێكی كوردستانی بێت كه‌ ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌مه‌ به‌ زه‌ره‌ری هه‌موو توركیایه‌".

سەعدی پیرە ئەوەشی خستەڕوو‌: "كه‌چی له‌و سه‌روبه‌نده‌دا دژه‌ لێدوانێكمان خوێنده‌وه‌ له‌لایه‌ن به‌ڕێز دیار غه‌ریب ئه‌ندامی كۆنسه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری كه‌جه‌كه‌، كه‌ له‌ڕۆژی 28-8-2017، له‌ رۆژ نیوز بڵاویكردۆته‌وه‌، له‌ڕێی كۆمه‌ڵێك فه‌ره‌زیاته‌وه‌، ئۆین بازانه‌ پرسیار له‌خۆی ده‌كات‌ و هه‌ر خۆشی وه‌ڵام ده‌داته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت بڵێین:

1-پێویسته‌ كه‌جه‌كه‌ ئه‌م قسه‌ نا مته‌وازنانه‌ی كه‌ دیار غه‌ریب به‌رامبه‌ر یه‌كێتی  كردوونی ره‌تبكاته‌وه‌.

 2- یه‌كێتیی نیشتمانی ئه‌وه‌ نه‌ك ساڵی یه‌كه‌م‌و دووه‌م‌و سێیه‌مه‌، به‌ڵكو ئه‌وه‌ ده‌یان ساڵه‌ باجی سیاسه‌تی كوردستانیی خۆی له‌پێناوی كورددا ده‌دات، ئه‌مه‌ش نه‌ك له‌به‌ر خاتری كه‌س، چونكه‌ ئێمه‌ نرخی به‌رزی هه‌ڵوێستی نیشتمانی له‌ قرچۆكێكی وه‌كو دیار غه‌ریب وه‌رناگرینه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ سیاسه‌تی كوردستانی یه‌كێتیی نیشتمانییه‌ به‌رامبه‌ر به‌ كورد له‌باكوور، به‌رامبه‌ر به‌ كورد له‌ رۆژئاواش كه‌ ئێمه‌ پشتیوانیمان لێكردوون، ئێمه‌ ده‌زانین توركیا له‌وه‌ش زۆر ناڕازییه‌ كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانی پشتیوانی له‌ هێزه‌كانی په‌یه‌ده‌ كرد له‌كۆبانێ و گوشاری له‌ توركیا كرد رێگه‌ بدات هێزی پێشمه‌رگه‌ بچێت بۆ كۆبانێ بۆ به‌ره‌نگاریی هێزی تیرۆریستی داعش، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت كه‌جه‌كه‌ ئه‌وه‌ روونبكاته‌وه‌ ئایا ئه‌م قسانه‌ی دیار غه‌ریب ده‌یكات، ره‌ئی كه‌جه‌كه‌یه‌، یان ئایا به‌ جائیزی ده‌زانێت كه‌ ئۆپه‌راسیۆنێكی نابه‌رامبه‌رو به‌شێوه‌یه‌كی نادروست كرا، ئێمه‌ جه‌نگێكی له‌سه‌ر به‌رپا بكه‌ین كه‌ داهاتووی هه‌رێمی كوردستان له‌و كات‌و ساته‌ ناسكه‌دا كه‌ دۆسێیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی گه‌وره‌مان له‌پێشه‌، بخه‌ینه‌ مه‌ترسییه‌وه‌؟.

وته‌بێژی مه‌كته‌بی سیاسیی یەكێتی هیواشی خواست هه‌ڤاڵانی یه‌كێتی كه‌س له‌ئاستی خۆیه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌ هه‌ڵوێست وه‌رنه‌گرێت، بۆ ئه‌وه‌ی رێگه‌ش له‌به‌رده‌م كه‌سێكی وه‌كو دیار غه‌ریب خۆش نه‌بێت كه‌ له‌په‌ناوه‌ توولوكه‌ به‌رد له‌ یه‌كێتی بگرێت، به‌حسابیش هیچی نه‌وتووه‌و هه‌ر فه‌ره‌زیاته‌ قسه‌ ده‌كات، ده‌بێ دیار غه‌ریب بزانێ ئێمه‌ له‌به‌ر كۆششی دیپلۆماسی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌یه‌ كه‌ وه‌ك ئه‌و، دۆو دۆشاو تێكه‌ڵ ناكه‌ین تاوه‌كو خۆمان له‌به‌رپرسیاری چاره‌سه‌ر بدزینه‌وه‌.