بارزانی: له‌ سایەی خوێنی پاکی شه‌هیدان گەلی کوردستان بە سەربەخۆیی دەگات

دڵنیایی ده‌دات

K24 - هه‌ولێر:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌ په‌یامێكدا، رایده‌گه‌یه‌نێت، ئه‌م ئازادی و ده‌ستكه‌وتانه‌ی گه‌لی كوردستان، به‌رهه‌می خوێنی شه‌هیدانه‌ و دڵنیاییش ده‌دات، كه‌ خوێنی شه‌هیدان به‌ فیڕۆ ناچێت.

بارزانی له‌ په‌یامه‌كه‌یدا، كه‌ به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی قوربانی پیرۆزه‌، وێڕای ئاراسته‌كردنی جه‌ژنه‌ پیرۆزه‌ بۆ خێزان و كه‌سوكاری شه‌هیدان، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌، لە سایەی خوێنی پاکی شه‌هیدان گەلی کوردستان بە سەربەخۆیی دەگات.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

بۆ خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان...

بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی پیرۆزی قوربان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی ئێوەی سەربەرز و خۆشەویست دەکەم، هیوادارم هەموو رۆژێکتان جەژن و خۆشی بێت.

ئەم ئازادی و دەستکەوتانەی گەلی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدە نەمرەکانمانە، دڵنیاتان دەکەم پشت بە خوای گەورە خوێنی شەهیدان بەفیڕۆ ناچێت و، لە سایەی خوێنی پاکیان گەلی کوردستان بە سەربەخۆیی دەگات.