ستێفن تاونسێند: یەکەم فیشەکی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ پێشمەرگە تەقاندی

فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا هۆكاری بۆردومان نه‌كردنی كاروانه‌كه‌ی داعش ئاشكرا ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:

ستێفن تاونسێند فەرماندەی ھێزی ھاوپەیمانى نێوده‌وڵه‌تی له‌ دژی داعش, به‌ سه‌ركردایه‌تی ئه‌مه‌ریكا، بە کوردستان24ی راگەیاند, یەکەم فیشەکی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ پێشمەرگە تەقاندی و رێگای بۆ ھێزە عێراقیەکان کردووە بچنەناو مووسڵ.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا فەرماندەی ھێزی ھاوپەیمان دووپاتیکردەوە رێزی زۆريان ھەیە بۆ رۆڵ و قوربانیيەکانی پێشمەرگە.

تاونسێند گوتی: "زۆر دڵخۆشم بە رۆڵی پێشمەرگە و زۆر رێزم ھەیە بۆ قوربانی دانیان لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا. ئێستاش بە سەدان کیلۆمەتر سنووریان لە بەرامبەر داعش پاراستووە".

ستێفن تاونسێند دووپاتیشیكرده‌وه‌، ھەماھەنگیيەکی باش ھەیە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا. لە تەلەعفەریش لە کاتی ھەڵھاتنی چەکدارانی داعش لەو شارە پێشمەرگە 130 تا 170 چەکداری داعشیان کوشتووە.

هه‌روه‌ها گوتی: "من نامەوێت ریزبەندی ئۆپەراسیۆنەکانمان ئاشکرا بکەم بەڵام لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی حەویجەش پێشمەرگە رۆڵی کاریگەری دەبێت".

تاونسێند له‌ باره‌ی ره‌وانه‌كردنی كاروانه‌كه‌ی چه‌كدارانی داعش له‌ ناو خاكی سووریاوه‌ بۆ سنووره‌كانی عێراق رایگه‌یاند، لە رێگەی فرۆکە جەنگەییەکانەوە ھاوپەیمانان بۆردوومانی ئەو رێگەیان کردووە کە ئەو کاروانەی داعش ویستوییەتی پێیدا تێپەرێت و رێگە کەیان تێکداوە بۆ ماوەیەک ئەو کاروانە پەکی کەوتووە.

تاونسێند گوتی: "زانیاریمان ھەیە کە ئێدا دەستیان بەجووڵە کردووتەوە و رێگای خۆیان بەرەو قوڵایی سوریا گۆڕیوە، ئێمە بەردەوام چاودێرییان دەکەین. لەبەرئەوەی ژن و منداڵیان لەگەڵدایە ئێمە ناتوانین بۆردومانیان بکەین, بەڵام بەدڵنیاییەوە ھەر کاتێک بزانین چەکدارەکان لە ژن و منداڵەکان دوور کەوتوونەتەوە و دەرفەت ھەبێت بەدڵنیاییەوە دەیانکەینە ئامانج".