به‌ وێنه‌.. ته‌نها له‌ یه‌ك گوند نزیكه‌ی 2 تۆن گۆشت كراوه‌ته‌ قوربانی

115 سه‌ر مه‌ڕ و بزن و دوو جوانه‌گا بووه‌

K24 - هه‌ولێر:

دانیشتووانی گوندی سرێشمه‌ی سه‌ر به‌ ناحیه‌ی خه‌لیفان، چه‌ند ساڵێكه‌، گۆشتی ئه‌و ئاژه‌ڵانه‌ی ده‌یانكه‌نه‌ قوربانی، له‌ یه‌ك شوێن كۆی ده‌كه‌نه‌وه‌، دواتر به‌سه‌ر خه‌ڵكی گونده‌كه‌دا دابه‌شی ده‌كه‌ن.

فه‌رهه‌نگ ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ حاجی ئه‌حمه‌دی باوكی، كه‌ موختاری گونده‌كه‌یه‌، سه‌رپه‌رشتی كۆكردنه‌وه‌ی دابه‌شكردنی گۆشته‌كه‌ ده‌كه‌ن.

وه‌ك ئه‌وان باسی ده‌كه‌ن، له‌ كۆی نزیكه‌ی 115 سه‌ر مه‌ڕ و بزن و 2 جوانه‌گا، هه‌زار و 800 كیلۆ گۆشت كۆبووه‌ته‌وه‌، هه‌ر كه‌سێك قوربانی كردووه‌ و ئاژه‌ڵی سه‌ربڕیوه‌، گۆشته‌كه‌ی پارچه‌ پارچه‌ كردووه‌ و بردوویه‌ته‌ ئه‌و كۆگایه‌ی گۆشتی لێ كۆده‌كرێته‌وه‌.

كۆگاكه‌ دوكانێكی فه‌رهه‌نگه‌، له‌گه‌ڵ باوكی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، گونده‌كه‌یان هه‌زار ماڵه‌ و به‌ گوێره‌ی ئه‌و ئاماره‌ی له‌به‌ر ده‌ستی ئه‌وانه‌، نزیكه‌ی 350 ماڵی گونده‌كه‌، له‌لایه‌ن ده‌رودراوسێكانییانه‌وه‌ گۆشتی قوربانییان پێدراوه‌، 650 ماڵه‌كه‌ی دیكه‌ش، له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ی گۆشتی قوربانییان پێگه‌یشتووه‌، كه‌ له‌و دوكانه‌ كۆیان كردووه‌ته‌وه‌.

فه‌رهه‌نگ باس له‌وه‌ ده‌كات، له‌به‌ر زۆری گۆشته‌كه‌، ناچارین به‌ خاكه‌ناسێكی تایبه‌ت گۆشته‌كه‌ی هه‌ڵبده‌ینه‌وه‌ سه‌ریه‌ك و دواتریش بیكێشین و به‌سه‌ر دانیشتووانی گونده‌كه‌ دابه‌شی بكه‌ین.

ئه‌مساڵ هه‌ر ماڵێك نزیكه‌ی 3 كیلۆ گۆشتی قوربانی به‌ركه‌وتووه‌ و له‌ كاتی زیادبوونیشدا، گۆشته‌كه‌ ده‌به‌نه‌ ناحیه‌ی خه‌لیفان و له‌وێ دابه‌شی ده‌كه‌ن.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، ساڵی پار، نزیكه‌ی دوو تۆن و نیو گۆشتی قوربانی كۆببۆوه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ، هه‌ندێك له‌ دانیشتووانی گونده‌كه‌، خۆیان گۆشته‌كه‌یان دابه‌شكردووه‌.