ژمارەیەك زیندانیی كورد لە زیندانی كرماشان مانیان لە خواردن گرتووە

گوازراونەتەوە بۆ زیندانێكی دیكە

K24 - ھەولێر

بەپێی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، 5 زیندانیی سیاسیی كورد لە زیندانی دیزڵ ئاوای كرماشان، دوای راگواستنیان بۆ شوێنی تایبەت بە نەخۆشییە گوازراوەكان، ماوەی 5 رۆژە مانیان لە خواردن گرتووە و داوا دەكەن بیانگەڕێننەوە بۆ شوێنی پێشوویان.

ئەو 5 ھاووڵاتییە كوردە سوننە مەزھەبە كە خەڵكی كرماشانی رۆژھەڵاتی كوردستانن، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوە توندڕەوە مەزھەبییەكان حوكمی زیندانیان بەسەردا سەپاوە.

لە ماوەی رابردوودا گوشارەكان بۆسەر زیندانیانی سیاسی و مەزھەبی کورد لەزیندانەکانی ئێران روو لە زیادبوونە و  نزیكەی مانگێكە زیندانیانی سیاسی و مەزھەبی لەزیندانی رەجایی شاری کەرەج  بۆ نارەزایەتی دەربڕین بە دۆخی نالەباری زیندان، مانیان لە خواردن گرتووە.