حكومه‌تى هه‌رێم ئيدانه‌ى تاوانه‌كانى دژ به موسڵمانانى بۆرما ده‌كات
حكومه‌تى هه‌رێم داوايه‌ك ئاراسته‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات

K24 – هه‌ولێر:
له راگه‌يه‌ندراوێكدا حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئه‌و تاوانانه‌ى ئيدانه كرد، كه به‌رامبه‌ر به پێكهاته‌ى رۆهينگاى موسڵمان له ميانمار ئه‌نجامده‌درێن.
ئاژانسه‌كانى هه‌واڵ بڵاويانكرده‌وه، له ماوه‌ى ته‌نيا يه‌ك هه‌فته‌دا زياتر له هه‌زار هاووڵاتى پێكهاته‌ى رۆهينگاى موسڵمان له بۆرما كۆمه‌ڵكوژ كراوون و وێڕاى سووتاندنى ده‌يان گوند، به گوێره‌ى راپۆرتى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان زياتر له 125 هه‌زار هاووڵاتى وه‌ك په‌نابه‌ر روويان له به‌نگلاديش كردووه.
له راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمدا هاتووه: ئه‌و تاوانانه‌ى له كوشتن و راوه‌دوونان و ده‌ربه‌ده‌ركردن دژى هاووڵاتیانى سڤیل و موسڵمانانى رۆهینگا له میانمار ئه‌نجام ده‌درێن، به توندى سه‌ركۆنه‌یان ده‌كه‌ین.
هه‌روه‌ها هاتووه: گه‌لى كوردستان كه كاره‌ساتى كیمیايباران و ئه‌نفال و تاوانه‌كانى داعشى دژ به خوشك و برایانى ئێزدى و پێكهاته‌كانى دیكه‌ى كوردستان بینیوه، له نزیكه‌وه هه‌ست به ئازار و مه‌ینه‌تییه‌كانى موسڵمانانى رۆهینگا ده‌كات و هاوسۆزى و پشتیوانی‌یان بۆ ده‌رده‌بڕێت.
له به‌شێكى ديكه‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه: مایه‌ى نیگه‌رانییه كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى نه‌یتوانیوه رێگه له‌و تاوانانه بگرێت و دووباره و چه‌ندباره ده‌بنه‌وه، بۆ رێگرى له‌و تاوانانه داواكارین هه‌نگاوى جددى بگیرێته به‌ر و كۆتایى به تراژیدیا و كاره‌ساتى خه‌ڵكى سڤیل و بێده‌سه‌ڵاتى رۆهینگا بهێنرێت و تاوانباران به سزاى خۆیان بگه‌یه‌نرێن.