سه‌رۆك بارزانی: گه‌لی كوردستان سه‌ربه‌خۆیی ده‌وێت

بارزانی په‌یامێكی ئاراسته‌ی دراوسێكانی كوردستان كرد

K24 – سۆران:

مه‌سعود بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كه‌رنه‌ڤاڵی پشتگیری ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی به‌ ئاماده‌بووانی ده‌یان هه‌زار كه‌سی سنووری قه‌زای سۆران رایگه‌یاند، هه‌موو هه‌وڵێكمان دا بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ به‌غدا بگه‌ینه‌ چاره‌سه‌ر و چه‌ند ساڵێك پێش ئێستا له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان باسی ریفراندۆم كراوه‌.

بارزانی رایگه‌یاند، له‌ ساڵی 2015، بابه‌تی ریفراندۆم له‌گه‌ڵ باراك ئۆبامای، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا له‌ وایت هاوس باسكراوه‌.

راشیگه‌یاند، ساڵێك پێش ئێستا به‌ شاندێكی گه‌وره‌وه‌ سه‌ردانی به‌غدامان كرد و پێمان راگه‌یاندن شه‌راكه‌ت شكستیهێنا و وه‌رن با بوێری ئه‌وه‌مان هه‌بێت ببینه‌ دوو دراوسێی باش.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێمه‌یان ناچاركرد به‌ره‌و ئه‌و بڕیاره‌ بچین و هه‌ندێكجار باس له‌وه‌ش ده‌كه‌ن، كه‌ ده‌بێت كورد بگه‌ڕێته‌وه‌ "هێڵی سه‌وز" بێگومان ئه‌وه‌مان قه‌بوڵ نییه‌ و ئه‌و هێله‌ نابێته‌ سنووری ده‌وڵه‌تی كوردستان.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و به‌غداش، بارزانی روونیكرده‌وه‌، پێشتر باسی ریفراندۆممان كردووه‌ و سه‌ره‌تا زۆر نه‌رم بوون، به‌ڵام ئێستا هه‌ڵوێسته‌كه‌یان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه‌، ئه‌وه‌ش جێگه‌ی پرسیاره‌ و روونی كرده‌وه‌، پێشتر پرۆسه‌ی ریفراندۆمیان به‌ جددی وه‌رنه‌گرتبوو، چونكه‌ پێیان وابوو كارتی فشاره‌ و هه‌ریه‌ك بۆخۆی ته‌فسیرێكی ده‌كرد.

هاوكات رایگه‌یاند، ئه‌وانه‌ی دژی ریفراندۆمن، دڵیان به‌وه‌ خۆشبوو، كورد یه‌كگرتوو نه‌بووه‌ و ناتوانن ئه‌و پرسه‌ به‌جێبگه‌ینن و دووپاتیشی كرده‌وه‌، له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانی ریفراندۆم بۆ جیهان ده‌ركه‌وت، بڕیاری ریفراندۆم بڕیاری تاكه‌ كه‌سێك نییه‌.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، له‌ ئێستادا یه‌كڕیزی هه‌یه‌ و هه‌ندێك كه‌س ئه‌گه‌ر بینوویان ده‌گرت په‌رله‌مان كارا نییه‌، ئێستا په‌رله‌مانی كوردستانیش كاراكرایه‌وه‌.

سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، مافی خۆمانه‌ گه‌ره‌نتی كۆنكرێتی بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كان هه‌بێت، چونكه‌ ساڵانی رابردوو ئه‌زموونێكی تاڵمان چه‌شتووه‌.

راشیگه‌یاند، چیدیكه‌ باوه‌ڕ به‌ به‌ڵێنی زاره‌كی و نامه‌ی "مه‌تاتی" ناكه‌ین، ده‌بێت به‌ڵێنه‌كان به‌ شێوه‌یه‌ك نووسرابن، نه‌توانرێت لێی رابكه‌ن.

گوتیشی، گفتوگۆی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ نییه‌ وه‌زیرێكمان بۆ بگێڕنه‌وه‌، یاخود به‌ڕێوه‌به‌رێكی گشتی دابمه‌زرێنن.

بارزانی له‌ گوته‌كانیدا، ئاماژه‌ی به‌ دوو هه‌ڵه‌كرد، كه‌ دوای 2003 كراون و رایگه‌یاند،هه‌ڵه‌مان كرد له‌ 2003 چووینه‌وه‌ به‌غدا، به‌ڵام به‌ نیه‌تێكی پاك و دڵی سافه‌وه‌ گه‌ڕاینه‌وه‌ به‌غدا، به‌ڵام قه‌بووڵ نه‌كرا، ئێستا ئه‌وه‌ ئێمه‌ نین یه‌كپارچه‌یی عێراق تێكده‌ده‌ین، ئه‌وان خۆیان ئه‌و كاره‌یان كرد.

بارزانی له‌ باره‌ی هه‌ڵه‌ی دووه‌م رایگه‌یاند، كاتێك بودجه‌ی هه‌رێمیان بڕی ده‌بوایه‌ بزانین هه‌موو شتێك ته‌واو و ئه‌وكات ده‌بوایه‌ ئیعلانی بكه‌ین، هه‌ڵه‌مان كرد ئه‌و كاره‌مان نه‌كرد، به‌ڵام ئه‌وكات شه‌ڕی داعشمان به‌سه‌ردا سه‌پێنرابوو.

گوتیشی، ئه‌گه‌ر ئێستا ریفراندۆم قه‌بووڵ نه‌كه‌ن، دوای دوو ساڵی دیكه‌ چۆن قه‌بووڵی ده‌كه‌ن، تێپه‌ڕبوونی كات له‌ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورددا نییه‌.

بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه‌، بڕیاره‌كانی دادگای ئیتیحادی دژی كوردن، هه‌رچه‌نده‌ بڕیاره‌كانیان ناگه‌نه‌ كوردستان و جێبه‌جێ ناكرێن، به‌ڵام ده‌رخه‌ری نیه‌تی راسته‌قینه‌ی ئه‌وانه‌.

سه‌باره‌ت به‌ دراوسێكانی كوردستانیش، بارزانی رایگه‌یاند، هیچ كاتێك نابینه‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر دراوسێكانمان و داوایان لێده‌كه‌ین، به‌ زمانی هه‌ڕه‌شه‌ قسه‌مان له‌گه‌ڵ نه‌كه‌ن، چونكه‌ ئه‌و زمانه‌ قه‌بووڵ ناكه‌ین.

بارزانی راشیگه‌یاند، ریفراندۆم كۆتایی دنیا نییه‌، به‌ڵكو ده‌رفه‌تێكه‌ ره‌خساوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و میلله‌ته‌ ته‌عبیر له‌ رای خۆی بكات، دوای ریفراندۆمیش داده‌نیشین و گفتوگۆ ده‌كه‌ین، ئه‌گه‌ر شه‌راكه‌ت شكستی هێنا، دراوسێیه‌تییه‌كی باش بنیات ده‌نێین، به‌ڵام ئینكاركردن و رێگریكردن له‌ ته‌عبیركردنی رای كوردستان، سته‌مێكی گه‌وره‌یه‌ و قه‌بووڵ ناكریت.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، بیرمان له‌ توندوتیژی و به‌كارهێنانی هێز له‌ دژی هیچ نه‌كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ته‌عه‌داشمان لێبكرێت، مافی هه‌موو به‌رگرییه‌كمان ده‌بێت.

له‌ باره‌ی شێوه‌ی ده‌وڵه‌تی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، ئه‌وه‌ی پێشنیاز كراوه‌، ده‌بێت ده‌وڵه‌تی فیدرالی مه‌ده‌نی و په‌رله‌مانی بێت و مافی ته‌واوی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كان بپارێزرێت.

هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ره‌نگه‌ هه‌ندێك عه‌ره‌بی توندڕه‌و زوڵم  سته‌م له‌ هه‌ندێك كوردی بێ ده‌سه‌ڵات بكه‌ن، به‌ڵام ئێوه‌ ره‌وشتی به‌رزی كوردایه‌تی بپارێزن.

بارزانی نموونه‌ی به‌ ساڵێ 1991 و كاتی راپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ كرد، كه‌ 3 فه‌یله‌قی سوپای عیراق خۆیان راده‌ستی پێشمه‌رگه‌ و جه‌ماوه‌ری كوردستان كرد و به‌بێ هیچ زوڵمێك راده‌ستی كه‌سوكاره‌كانییان كرانه‌وه‌.

گوتیشی كێشه‌ی له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌كاندا نییه‌، كورد و عه‌ره‌ب و تورك و كلدان و ئاشوور، هه‌موو برای یه‌كن و هه‌مووان ئازادن و مافی هه‌موو ئه‌و پیكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی و ئایینیانه‌ پارێزراو ده‌بێت.