كاتەلۆنیا بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات
ریفرانۆم بۆ سەربەخۆیی كاتەلۆنیا بەڕێوەدەچێت

K24 - ھەولێر
پێنج رۆژ دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، ئەمڕۆ خەڵكی ھەرێمی کاتەلۆنیای ئیسپانیا لە رێگەی ریفراندۆمی سەربەخۆییەوە بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات.
سەرەڕای ناڕەزاییەکانی حکومەتی ئیسپانیا و رێگرییەکان، کاتەلۆنیەکان سورن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئەمڕۆ ملیۆنان دەنگدەری کاتەلۆنی روو لە سندووقەکانی دەنگدان دەکەن و بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن بە مانەوە لەگەڵ ئیسپانیا یان جیابوونەوە و سەربەخۆیی.
بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كاتەلۆنیا 2 ھەزار و 315 بنكەی دەنگدان ئامادەكراوە، حکومەتی ئیسپانیا بە ھەزاران پۆلیسی رەوانەی کاتەلۆنیا کردووە و دەیانەوێت سندووقهكانی دەنگدان لە بنکەکان کۆبکەنەوە و رێگری لە بەرێوەچوونی پرۆسەکە بکەن. بە ھەزاران چالاکی مەدەنی کاتەلۆنیا چوونەتە قوتابخانە و بنکەکانی دەنگدان شەوی رابردوو لەوێ مانەتەوە بۆ ئەوەی رێگری لە ھێزەکانی پۆلیس بکەن.
ھەرچەندە ئیسپانیا ناڕازییە لە جیابوونەوەی كاتەلۆنیا، بەڵام بەرپرسانی ئەو وڵات بەڵێنی ئەوەیانداوە ئەگەر دەنگی بەڵێ سەربکەوێت بۆ رۆژی دواتر سەربەخۆیی رادەگەیەنن.
ریفراندۆمی كاتەلۆنیا لە كاتێكدایە كە پێنج رۆژ لەمەوبەر لە ھەرێمی كوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان بەڕێوەچوو، زیاتر لە 92% بەشداربووان دەنگیان بە بەڵێدا بۆ جیابوونەوە لە عێراق و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان.