عه‌بادى: عێراقمان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ باوه‌شى عه‌ره‌بى

ئه‌مڕۆ سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى گه‌يشته‌ ئه‌نقه‌ره‌.

K24 – هه‌ولێر:

حه‌يده‌ر عه‌بادى، بۆ ديدارى ئه‌ردۆغان و بن عه‌لى يه‌ڵدرم، له‌ ئه‌نقه‌ره‌يه‌ و له‌ چوارچێوه‌ى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك كۆمارى توركيا رايگه‌ياند، جگه‌ له‌ هێزه‌ رێگه‌پێدراوه‌كان ناهێڵين كه‌س چه‌كى پێ بێت.

ئه‌مڕۆ سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق حه‌يده‌ر عه‌بادى گه‌يشته‌ ئه‌نقه‌ره‌.

له‌ ميانى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى كۆمارى توركيا ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغاندا، عه‌بادى گوتى: جگه‌ له‌و هێزانه‌ى رێگه‌يان پێدراوه‌، ناهێڵين هيچ هێز و كه‌سێكى ديكه‌ چه‌كى پێ بێت.

هه‌روه‌ها گوتى: توركيا رۆڵێكى گرنگ و سه‌ره‌كى گێڕا له‌ سه‌رخستنى هه‌وڵه‌كانى دژ به‌ ريفراندۆمى كوردستان.

هه‌روه‌ها گوتى: جه‌خت له‌سه‌ر گرنگى گه‌ڕانه‌وه‌ى عێراق بۆ باوه‌شى عه‌ره‌بى و هه‌رێمايه‌تى ده‌كه‌ينه‌وه‌ و سه‌ردانه‌كانمان بۆ ئه‌و وڵاتانه‌ به‌ كليلى خێر و چاكه‌ بۆ ناوچه‌كه‌ هه‌ژمار ده‌كرێن.

رۆژى 25ى ئه‌يلوولى رابردوو، خه‌ڵكى كوردستان له‌ زاخۆوه‌ تا خانه‌قين و ناوچه‌ دابڕاوه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئيداره‌ى هه‌رێمى كوردستان، ده‌نگيان بۆ سه‌ربه‌خۆيى كوردستان دا.

له‌ سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌وه‌ هێزه‌ عێراقييه‌كان و گرووپ و ميليشيا شيعييه‌كانى ريزى حه‌شدى شه‌عبى هێزيان له‌ دژى كوردستان كۆكرده‌وه‌.

رۆژى 16ى ئه‌م مانگه‌ به‌ هاوكارى ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى يه‌كێتى ميليشياكانى حه‌شد و جه‌يشى عێراق به‌ هاوكارى و راوێژى قاسم سوله‌يمانى توانيان كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانييه‌ تازه‌ رزگاركراوه‌كان داگير بكه‌نه‌وه‌.

دواتر له‌ رێى ميدياكانه‌وه‌ ئاشكرا بوو، كه‌ بافڵ تاڵه‌بانى و لاهور جه‌نگى و ئاراس جه‌نگى براى به‌ سه‌رپه‌رشتى قاسم سوله‌يمانى له‌گه‌ڵ ميليشياكانى حه‌شد رێككه‌وتوون شاره‌كه‌يان راده‌ست بكه‌نه‌وه‌ و پاشه‌كشێ به‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن.

به‌ هۆى ئه‌و رێككه‌وتنه‌وه‌ كه‌ له‌ لايه‌ن زۆرێك له‌ خه‌ڵكى كوردستان و فه‌رمانده‌يى گشتى هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانه‌وه‌ به‌ خيانه‌ت وه‌سفكرا.