وێنە و ڤیدیۆ.. ڤیدالەکەی کوردستان بە دیداری ڤیدالەکەی بایرن میونشن گەیشت
ڤیدالەکەی کوردستان بۆ کوردستان24: سێ شەو لە وێستگەی شەمەندەفەر خەوتم تاکو خەونی شەش ساڵ لەمەوبەرم هێنایە دی
K24- هەولێر
ئارتۆرۆ ڤیدال خەونی کوڕەکوردێکی هێنایەدی و ڤیدالەکەی کوردستان دوای شەش ساڵ خەونی گەیشتنی بە دیداری ڤیدال بووە راستی و سێڵفییەکی لەگەڵ ناوەڕاستکارەکەی بایرن میونشن گرت.
سەڵاح عەلی ئەو گەنجە 24 ساڵانەیە شەش ساڵە بەهۆی لێكچوونی لە ئارتۆرۆ ڤیدال لە هەموو هەڵسوكەوت و ستایلێكی ژیانیدا لاسایی ئەستێرە چیلییەكە دەكاتەوە، تەنانەت وەكو خۆی دەڵێت دوو ساڵ لەمەوبەر لە پێناوی بینینی ڤیدال هەڵەبجەی تازەی بەرەو ئەڵمانیا بەجێهێشتووە.
ڤیدالەكەی كوردستان چیرۆكی سەرگرتنی دیداری ڤیدالەكەی بایرن میونشن بۆ كوردستان24 دەگێڕێتەوە دەڵێت دوو ساڵ بوو هەوڵم دەدا بە دیداری ڤیدال شادبم، تەنانەت نامە و ئیمەیلم بۆ هەموو ئەكاونت و هەژمارە فەرمییەكانی بایرن میونشن و ڤیدال دەنارد، بەڵام كەس وەڵامی نەدەدامەوە هیچ كەسێك دەستی هاوكاری بۆ رانەكێشام، بۆیە ناچاربووم هەشت كاتژمێر رێگا ببڕم و لە شارۆچكەكەمەوە بەرەو میونشن گەشت بكەم بۆ ئەوەی خەونەكەم بهێنمەدی، تەنانەت ڤیدالەكەی هەڵەبجە سێ شەو لە وێستگەی شەمندەفەر خەوتووە و لەم هەفتەیەدا سێ جاری دیكە چووبووە شوێنی راهێنانەكانی بایرن میونشن، تاكو لە چوارەم هەوڵیدا چاوی بە ئەستێرەكەی پێشووی یۆڤێنتۆس كەوت.
هەر كەسێك لە ئەڵمانیا سەڵاح دەبینێت بە ڤیدال بانگی دەكات، تەنانەت چەندان میدیای ئەڵمانی و ئەوروپی بەهۆی لێكچوونی لە ڤیدال دیمانە و راپۆرتیان لەگەڵ كردووە.
ڤیدالەكەی كوردستان چەند كاتژمێرێك دوای ئەوەی خەونەكەی هێنابووە دی، لە ئەڵمانیاوە بە كوردستان24ی راگەیاند، كاتێك ڤیدال چاوی بە من كەوت یەكسەر راهێنانەكانی بەجێهێشت و هاتە لام و سێڵفی لەگەڵ گرتم، دوای كۆتایی هاتنی راهێنانەكانیش هاتەوە لام و بە دڵخۆشی و سەرسامییەوە واژووی بۆ كردم.
پێشتر هەمیشە ڤیدالەكەی كوردستان لە فەیسبووك و ئینستاگرام وێنەی ئارتۆرۆ ڤیدالی بڵاو دەكردەوە، بەڵام ئەمجارە شتەكە پێچەوانە بووەوە و ڤیدالەكەی بایرن میونشن لە هەژماری فەرمی خۆی لە ئینستاگرام سێڵفییەكی خۆی و ڤیدالەكەی كوردستان و رافینهای بڵاوكردووەتەوە.
سەڵاح گەرچی هێشتا مافی پەنابەری لەلایەن حكومەتی ئەڵمانیاوە پێنەدراوە، بەڵام بە کوردستان24ی گوت، ئیدی من وادەزانم مافی پەنابەرێتیم پێدراوە، گەیشتن بە دیداری ڤیدال بۆ من هەموو شتێكە



