ئادیبایۆر لە داخی خێزانەکەی بیری لە خۆکوشتن کردووەتەوە
ئادیبایۆر: ناچاربووم بەردەوام لە ترسی خێزانەکەم ژمارەی مۆبایلەکەم بگۆڕم
K24- هەولێر
ئیامنوێل ئادیبایۆر چەند جارێک بیری لە خۆکوشتن کردووەتەوە.
ئادیبایۆری هێرشبەری پێشووی یانەکانی ریال مەدریدی ئیسپانی و ئارسێناڵ و تۆتێنهامی ئینگلیزی لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەڕی (سۆفووت) ئاشکرایکردووە، بەهۆی ئەو کێشانەی ئەندامانەی خێزانەکەی بۆیان درووست دەکرد، چەند جارێک بیری لە خۆکوشتن کردووەتەوە.
ئادیبایۆری 33 ساڵان کە ئێستا لە ریزی یانەی باشاکشەهیری تورکی یاریی دەکات و لەم وەرزە چوار گۆڵی بۆ یانەکە کردووە، لەبارەی ئەو کێشانەی لە دوو ساڵی رابردوو گیرۆدەی ببوون، دەڵێت 'بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەندامانی خێزانەکەم ناچاربووم بەردەوام ژمارەی مۆبایلەکەم بگۆڕم، هەمیشە داوای پارەیان لێدەکردم، بۆیە چەند جارێک بیرم لەوە کردەوە خۆم بکوژم.
ئادیبایۆر دوو ساڵ لەمەوبەر لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک رایگەیاند، برایەکەم بە چەقۆ هێرشی کردووەتە سەرم و ویستی بمکوژێت و پارەیەکی زۆری لێ بردم.