له عێراق زياتر له 700 ئافره‌تى رووسى و ئازه‌ربێجانى سه‌ر به داعش ده‌ستگيركراوون
هێزه ئه‌منييه‌كانى عێراق 512 ئافره‌تى رووسى و 200 ئافره‌تى ئازهربێيجانى سه‌ر به داعشيان ده‌ستگيركردووه
K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق ڤيان ده‌خيل له هه‌ژمارى خۆى له تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى تويته‌ر رايگه‌ياند، هێزه ئه‌منييه‌كانى عێراق 512 ئافره‌تى رووسى و 200 ئافره‌تى ئازهربێيجانى سه‌ر به داعشيان ده‌ستگيركردووه.
له يه‌كه‌م كاردانه‌وه‌شيدا حيكمه‌ت حهجييڤ، گوته‌بێژى ره‌سمى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئازهربێيجان رايگه‌ياند، باكۆ به‌رده‌وامه له په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و هه‌واڵه و پێداگيرى له‌سه‌ر چاره‌نووسى ئه‌و ئافره‌ته ئازهربێيجانيانهى په‌يوه‌ندييان به داعشه‌وه كردووه.
گوتيشى: له‌م ره‌وشه‌دا هه‌موو هه‌وڵێكمان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و بابه‌ته و باڵيۆزخانه‌ى وڵاته‌كه‌مان له به‌غدا سه‌رقاڵى تاوتوێكردنى ئه‌و پرسه‌يه له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق.
به گوێره‌ى زانيارى ميدياى عێراقى له سه‌روبه‌ندى كۆنترۆڵكردنى مووسڵ و ته‌له‌عفه‌ر زياتر له هه‌زار و 500 چه‌كدارى داعش له ره‌چه‌ڵه‌ك و ناسنامه‌ى بيانى له لايه‌ن هێزه ئه‌منييه‌كانه‌وه ده‌ستگير كراوون.