فەرمی.. چاڤی کۆتایی ئەم وەرزە بەیەکجاریی واز لە یاریکردن دەهێنێت

یەکسەر دەست بە کۆرسی بەدەستهێنانی بڕوانامەی راهێنەرایەتی دەکات

K24- هەولێر

چاڤی هێرناندێز کۆتایی ئەم وەرزە بەیەکجاریی واز لە یاریکردن دەهێنێت و خاڵێک لە کۆتایی چیرۆکی سەردەمی یاریزانبوونی دادەنێت.

چاڤی هێرناندێز، ناوەڕاستکاری ئیستای یانەی سەدی قەتەڕی و پێشووی بارسێلۆنای ئیسپانی لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی بۆیەکەمجار وادەی وازهێنانی لە یاریکردن ئاشکراکرد و رایگەیاند، کۆتایی ئەم وەرزە بەیەکجاریی واز لە یاریکردن دەهێنێت و هەست دەکات کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی بەیەکجاریی واز لە یاریکردن بهێنێت.

چاڤی 37 ساڵان کە دوو ساڵ لەمەوبەر بارسێلۆنای بەجێهێشت، رایدەگەیەنێت هەست بە ماندوویی دەکات و هەست دەکات کاتێکی گونجاوە بۆ ئەوەی وازبهێنێت و لەبارەی داهاتووی خۆی، بڕیاری داوە دوای وازهێنانی یەکسەر کۆرسێک بۆ بەدەستهێنانی بروانامەی راهێنەرایەتی بخوێنێت و روو لە بواری راهێنەرایەتی بکات.

چاڤی 17 ساڵ لە ریزی بارسێلۆنا یاریی کرد و 31 نازناوی بەدەستهێنا و لەگەڵ ئیسپانیاش لە 133 یاری 13 گۆڵی کرد و دوو جار یۆرۆ و مۆندیالێکیشی لەگەڵ لاڕۆخا بەرزکردەوە.