نوجێفی: عێراق له شه‌ڕی ئه‌مریكا و ئێران دوورخه‌نه‌وه
جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق: له‌گه‌ڵ ئه‌مریكییه‌كان و حكومه‌تی عێراق هه‌وڵده‌ده‌ین رێگه‌ی لێبگرین
K24 - هه‌ولێر:
ئوسامه نوجێفی جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق پێیوایه، ناوچه‌كه ده‌بێته شوێنی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوان ئه‌مریكا و ئێران و هۆشداریی داوه كه له حاڵه‌تی زیادبوونی گرژییه‌كاندا عێراق نه‌كرێته مه‌یدانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دوو هێزه.
نوجێفی كه به‌سه‌ردانێك له واشنتنه، له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی جه‌زیره‌ی قه‌ته‌ری گوتوویه‌تی: "به‌هۆی زیادبوونی گرژییه‌كانی نێوان ئه‌مریكا و ئێران، ناوچه‌كه به‌ڕووی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا كراوه، داوا له هه‌موو لایه‌نه‌كانی عێراق و ده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌م، كار بۆ ئه‌وه بكه‌ن كه عێراق نه‌بێته مه‌یدانی ئه‌و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یه".
نوجێفی گوتوویه‌تی: "له عێراق هێزی ئه‌مریكی هه‌یه و ژماره‌یه‌كی زۆر میلیشیای حه‌شدی شه‌عبی نزیك له ئێرانیش هه‌ن و به چڕی بڵاوه‌یانكردووه، ئه‌گه‌ر ئه‌و هێزانه له‌و ململانێدا به‌كاربهێنرێت، ده‌بێته كاره‌سات بۆ گه‌لی عێراق و ناوچه‌كه گڕدهدات".
جێگری سه‌رۆككۆماری عێراق ده‌ڵێت: "هه‌وڵ ده‌ده‌ین ئه‌مریكییه‌كان و حكومه‌تی عێراقی قایل بكه‌ین تا رۆڵی خۆیان ببینن و رێگه له‌و روبهڕووبوونهوهیه بگرن له‌ناو عێراقدا".