عه‌بادی قه‌باره‌ی زیانه‌كانی عێراق به‌هۆی جه‌نگی داعش ئاشكرا ده‌كات
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق: هێشتا كه‌سانێك هه‌ن بانگه‌شه بۆ فیتنه‌ی تائیفی ده‌كه‌ن
K24 - هه‌ولێر
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 11/11/2017 حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا له كه‌ربه‌لاوه رایگه‌یاند: "زیانه‌كانی عێراق له جه‌نگی داعشدا گه‌یشتووه‌ته 100 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی ، له كاتێكدا هێشتا كه‌سانێك هه‌ن بانگه‌شه بۆ فیتنه و ئاژاوه‌گێڕیی تائیفی ده‌كه‌ن".
عه‌بادی گووتی: "كێشه‌ی تیرۆری داعش فیكرییه و ده‌یانه‌وێت خه‌ڵكی سڤیل بكوژن و پێویسته ئاگاداریان بین، به‌هۆی شه‌ڕی داعشه‌وه 100 ملیار دۆلار زیان به‌ر عێراق كه‌وتووه".
سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق داوایكرد "ئه‌و پڕوپاگه‌ندانه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه بۆ ترساندن و تۆقاندنی خه‌ڵك بڵاوده‌كرێنه‌وه رابگیرێن، چونكه خه‌ڵكانێك هه‌ن به كرێگیراون بۆ ئه‌وه‌ی بانگه‌شه بۆ فیتنه‌ی تائیفی بكه‌ن، به‌ڵام ناتوانن دووبه‌ره‌كی درووست بكه‌ن".
هه‌روه‌ها گووتی: "فه‌رمانمان به ده‌زگا ئه‌منی و هه‌واڵگرییه‌كان كردووه تا شوێن ئه‌و كه‌سانه بكه‌ون و ده‌ستگیریان بكه‌ن و لێپرسینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكه‌ن".