سوپاى عێراق هه‌واڵى كۆنترۆڵكردنى ناحيه‌ى رومانه‌ى راگه‌ياند

گه‌يشتوونه‌ته‌ سنوورى سووريا و توانيويانه‌ به‌ ته‌واوى ناحيه‌ى رومانه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن

K24 – هه‌ولێر:

فه‌رمانده‌يه‌كى سه‌ربازى عێراق رايگه‌ياند، چه‌كداره‌ عێراقييه‌كان گه‌يشتوونه‌ته‌ سنوورى سووريا و توانيويانه‌ به‌ ته‌واوى ناحيه‌ى رومانه‌ كۆنترۆڵ بكه‌ن.

عه‌بدولئه‌مير ره‌شيد ياروڵڵا، فه‌رمانده‌ى ئۆپراسيۆنه‌ سه‌ربازييه‌كانى عێراق له‌ خۆرئاواى رومادى رايگه‌ياند، يه‌كه‌كانيان توانيويانه‌ له‌ رووبارى فورات بپه‌ڕنه‌وه‌ و ده‌ست بگرن به‌سه‌ر پردى رومانه‌ و ته‌واوى شاره‌دێيه‌كه‌دا.

گوتيشى: هاوكات 9 گوندى ديكه‌ى سه‌ر به‌ رومانه‌ كۆنترۆڵ كراوون.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، فه‌رمانده‌ى ئۆپراسيۆنه‌كانى ديجله‌ فه‌ريق ركن، مه‌زهه‌ر عه‌زاوى رايگه‌ياند، ئۆپراسيۆنێكيان بۆ كێوماڵكردنى ناوچه‌كانى باكوورى خۆرهه‌ڵاتى پارێزگاى دياله‌ ده‌ستپێكردووه‌.

گوتيشى: چه‌كدارانى حه‌شد و يه‌كه‌كانى سوپا به‌ پشتيوانى فڕۆكه‌ جه‌نگييه‌كانى سوپاى عێراق سه‌رقاڵى گه‌ڕان و پشكنينن له‌ ناوچه‌كانى نێوان نه‌وتخانه‌ و خانه‌قين.