بەڤیدیۆ.. بێنزێما: تاکو دیشامپ راهێنەری فڕەنسا بێت بانگهێشتی هەڵبژاردەکە ناکرێمەوە

بێنزێما: لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆ تێگەیشتنێکی باش لە نێوانماندا هەیە

K24- هەولێر

کەریم بێنزاما زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە بانگهێشتی هەڵبژاردەی فڕەنسا نەکراوە و دوای کەیسی تۆمەتبارکردنی بە بڵاوکردنەوەی گرتەی سیکسی ماتیۆ ڤاڵبوێنای هاونیشتیمانی، تاکو ئێستا ئەم هێرشبەرەی ریال مەدرید بانگهێشتی هەڵبژاردەکە نەکراوە و بۆیەکەمجار بێنزێما چەند نهێنییەک دەدرکێنێت.

بێنزێما لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی کەناڵی (CANAL+)ی فڕەنسی باسی بانگهێشت نەکرانی بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی کرد و بە بێهیواییەوە رایگەیاند 'تاکو دیشامپ راهێنەری فڕەنسا بێت بانگهێشتی هەڵبژاردەکە ناکرێمەوە'.

هێرشبەرە فڕەنسییەکە راشیگەیاند، هەمیشە بیر لە بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان دەکاتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی لە سەردەمی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل میسی دەژین، پێیوایە بەدەستهێنانی خەڵاتەکە زەحمەتە، هەروەها کەریم لە بەرنامەکە ئاشکراشیکرد، زیدان وایلێکردووە زیاتر تۆپی پیی خۆش بوێت و دووپاتیشیکردەوە تێگەیشتنێکی باشی لەگەڵ کریستیانۆ هەیە و لەلای ئەو گرنگ نییە چەند گۆڵ دەکات، گرنگ ئەوەیە تا چەند دەتوانێت یارمەتی یانەکەی بدات.

دەقی بەشێکی قسەکانی بێنزێما لە بەرنامەکەی کەناڵی (CANAL+)ی فڕەنسی:

'من بەهیوام رۆژێک لە رۆژان بگەڕێمەوە ریزی هەڵبژاردەی فڕەنسا، بەڵام ئەم بابەتە زۆری خایاند، دوو ساڵ و نیوی خایاندووە، من هیچ کێشەیەکم لەگەڵ دیشامپ نییە، بەڵام پێویستە گەمژە نەبم، تاکو دیدیێ دیشامپ راهێنەری هەڵبژاردەی فڕەنسا بێت، بانگهێشت ناکرێمەوە ریزی هەڵبژاردەکە.
زۆر حەز دەکەم بەشداریی مۆندیالی 2018 بکەم، بەڵام بابەتەکە ئاڵۆزە، دەمەوێت لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتیمانەکەم شتێک بەدەست بهێنم.
لەبارەی دیشامپەوە، بابەتەکە گەیشتووەتە خاڵی کۆتایی و دەرفەتی هیچ گفتوگۆیەک نەماوە، پێش یۆرۆی 2016 بە تەلەفۆن قسەمان کرد، بەڵام هیچ روونکردنەوەیەکی بۆم نەبوو لەبارەی ئەوەی روودەدات، رێزێکی زۆری لێگرتم، بەڵام دواتر منی پشتگوێ خست.
لە هێلی پێشەوە چەندان یاریزانی خێرامان هەیە کە ساڵانی رابردوو نەمان بوو، من دەتوانم لەگەڵ ئۆلیڤەر جیرۆ یاریی بکەم، کە کاتێک پشتی لە گۆڵ دەبێت هێرشبەرێکی بەتوانایە.
لەوانەیە سیاسەتمەدارەکانیش قسە لەبارەی کەیسەکەی منەوە قسە بکەن، چونکە بابەتەکە زۆری خایاند.
پێشتر خوێندنەوەیەکی خراپ بۆ قسەکانم کرا، وا بڵاوکرایەوە کە سووکایەتیم بە فڕەنسییەکان کردووە، بەڵام ئەمانە دوورن لە راستی، ئایا دەتانەوێت بڵێم مردن بۆ عەرەبەکان؟ پێموایە ئەم بابەتە دوورە لە وەرزش.
من دەمەوێت خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهان بەدەست بهێنم و زۆر جاریش بیرم لێکردووەتەوە، بەڵام ئێمە لە سەردەمی کریستیانۆ رۆناڵدۆ و لیۆنێل مێسی دەژین و ئەم شتە ئەستەمە.
من و کریستیانۆ لە ریال مەدرید تێگەیشتنێکی باش لە نێوانمان هەیە و زیدانیش متمانەیەکی زۆری پێمە، وای لێکردم زیاتر تۆپی پێم خۆش بوێت'.