فه‌ره‌نسا: ده‌ستوه‌رنه‌دانی ئێران له ناوخۆی لوبنان مه‌رجه بۆ سه‌قامگیری ناوچه‌كه
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ده‌ڵێت: رێگریكردن له ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران له لوبنان ئاسایشی سه‌رانسه‌ی ناوچه‌كه ده‌پارێزێت
K24- هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا ده‌ڵێت، رێگریكردن له ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران له كاروباری ناوخۆی لوبنان، سه‌قامگیری ته‌واوی ناوچه‌كه مسۆگه‌ر ده‌كات.
له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، ئه‌نیس روماتیه ئیسپانی گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسا جه‌ختی كرده‌وه "هیوادارین ئه‌و یاریزانه سیاسیانه‌ی كه كاریگه‌ریان له‌سه‌ر لوبنان هه‌یه، رێگه به ته‌واوی پێكهاته سیاسیه‌كانی ئه‌و وڵاته بده‌ن موماره‌سه‌ی به‌رپرسیارێتی خۆیان بكه‌ن"، ئه‌مه‌ش وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك بۆ ده‌ستوه‌ردانه‌كانی ئێران له‌و وڵاته، كه ده‌گوترێت حیزبوڵڵای لوبنانی راسته‌وخۆ فه‌رمان له تاران وه‌رده‌گرێت.
رۆماتیه جه‌ختی كرده‌وه: "شه‌وی رابردوو سه‌عد حه‌ریری داوای له ئێران كردووه ده‌ست له‌كاروباری ناوخۆی لوبنان و وڵاتانی دراوسێى وه‌رنه‌دات، ئێمه‌ش باوه‌ڕی ته‌واومان هه‌یه، دوورخستنه‌وه ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران له لوبنان ئاسایشی سه‌رانسه‌ی ناوچه‌كه مسۆگه‌ر ده‌كات".
رۆژی شه‌ممه‌ی رابردووش كۆشكی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ره‌نسا (ئێلیزێ) رایگه‌یاندبوو، ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا له‌ڕێگه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كی ته‌له‌فۆنیه‌وه به میشێل عۆن هاوتا لوبنانیه‌كه‌ی راگه‌یاندووه، پێویسته سه‌ركرده لوبنانیه‌كان به ئازادی موماره‌سه‌ی ئه‌ركه‌كانیان بكه‌ن.
به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌ی كۆشكی ئێلیزێ "ماكرۆن و عۆن دوا پێشهاته‌كانی لوبنانیان له دوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی سه‌عد حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیری ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی لوبنان تاوتوێ كردووه و سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا جه‌ختی له‌سه‌ر پاراستنی سه‌قامگیری، سه‌ربه‌خۆیی و ئاسایشی لوبنان كردۆته‌وه و پشتگیری فه‌ره‌نسای بۆ لوبنان دوپاكردۆته‌وه".
وه‌ك له به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه، بڕیاره به‌م نزیكانه ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا و جبران باسیل وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لوبنان له پاریس له‌مباره‌یه‌وه كۆ ببنه‌وه.