شاره‌زایه‌كی ئه‌مه‌ریكی: حزبوڵڵا ئێرانی كرده خاوه‌ن گه‌وره‌ترین هێز له ناوچه‌كه
حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا: ئه‌گه‌ر سعودیه به‌ره‌یه‌كی جه‌نگ له‌گه‌ڵ حزبوڵڵا بكاته‌وه مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ له سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كه ده‌بێته ئه‌مری واقع
K24- هه‌ولێر:
ئاژانسی رۆژنامه‌وانی فه‌ره‌نسی ناسراو به "ئه‌ی ئێف پی" راپۆرتێكی له‌باره‌ی حزبوڵڵای لوبنانی و فراوانبوونی هه‌ژموونه‌كه‌ی له‌ماوه‌ی 30 ساڵی رابردوودا بڵاوكردۆته‌وه، ئه‌و ئاژانسه حزبوڵڵای به كارتی سه‌ركه‌وتنی ئێرانی ناساندووه، به‌تایبه‌ت دوای به‌شداریكردنی له‌چه‌ندین كێشه‌ی هه‌رێمی، كه له سنووری لوبنان ده‌رچووه و په‌لی بۆ سووریا، عێراق و پاشانیش یه‌مه‌ن هاوێشتووه.
ئه‌و ئاژانسه ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، "حزبوڵڵای شیعی بووه‌ته كارتی بردنه‌وه‌ی ئێران له‌ناوچه‌كه، ئه‌ویش له‌ڕێگه‌ی فراوانكردنی هه‌ژموونی خۆی له‌میانه‌ی سێ ده‌یه‌ی كۆتایی، به‌تایبه‌ت دوای به‌شداریكردنی له چه‌ندین ئاڵۆزی له ناوچه‌كه‌دا" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه "حزبوڵڵا له لوبنانه‌وه قه‌تیس نه‌ما و په‌نجه‌كانی له عێراق و سووریا و پاشانیش یه‌مه‌ن گیر كردووه و هه‌ژموونی ئێرانی له‌ناوچه‌كه‌دا زیاتر فراوانكردووه، ئه‌مه‌ش ریازی نیگه‌ران كردووه، كه به سه‌رسه‌ختترین نه‌یاری تاران له ناوچه‌كه داده‌نرێت و هه‌ر له‌وێشه‌وه سه‌عد حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیری ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی لوبنان ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی خۆی راگه‌یاندوه".
كارتی بردنه‌وه:
ئه‌و ئاژانسه له شرۆڤه‌كارێكی په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی گواستوویه‌ته‌وه و ده‌ڵێت، كه‌ریم به‌یتار كه مامۆستای زانكۆ و توێژه‌رێكی په‌یمانگای په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی و ستراتیژیه له پاریس، ئاماژه به‌وه ده‌كات "ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حه‌ریری ئاماژه‌یه‌كه بۆئه‌وه‌ی كه سعودیه‌ش پێی خۆشه ئێران تاڕاده‌یه‌ك له‌ناوچه‌كه چه‌كه‌ره بكات" و گوتوویه‌تی "حزبوڵڵا كارتی بردنه‌وه‌ی ئێرانه له‌ناوچه‌كه‌دا".
ئاژانسه‌كه ده‌ڵێت "دوای ئاڵۆزیه‌كانی نێوان ئیسرائیل و لوبنان له ساڵی 1982، حزبوڵڵا به ده‌ستپێشخه‌ری ئێران دامه‌زراوه، له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕبوونی كات هه‌ژموونی خۆی فراوانكردووه و تا گه‌یشتووته ئه‌و ئاسته‌ی هێزێكی سیاسیش له لوبنان بنوێنێت، به‌رله‌وه‌ی له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی هه‌ژموونی خۆی فراوان بكات". هه‌روه‌ها ده‌شڵێت "ئه‌مه‌ریكا و سعودیه حزبوڵڵای لوبنانی كه خاوه‌ن جبه‌خانه‌یه‌كی زۆر گه‌وره‌ی چه‌كه، خستۆته لیستی تیرۆره‌وه و واشنتۆن سزای ئابووری به‌سه‌ر ئه‌و حزبه و ئه‌و كه‌سانه‌شدا سه‌پاندووه كه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن".
شاره‌زایی سه‌ربازی:
هه‌ر ئه‌و ئاژانسه له‌زاری مامۆستایه‌كی دیكه‌ی زانسته سیاسیه‌كان له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی به‌ناوی هیلال خه‌شان گواستووه‌ته‌وه و ده‌ڵێت "ئێران له‌ڕێگه‌ی حزبوڵڵاوه توانیویه‌تی له سه‌نگه‌ره هه‌رێمیه‌كاندا به‌شدار بێت و ئه‌و حزبه سوودی زۆری بۆ ئێران هه‌بووه، بۆئه‌وه‌ی بتوانێت ده‌سه‌ڵاتی خۆی له ناوچه‌كه‌دا بڵاو بكاته‌وه".
خه‌شان تیشك ده‌خاته سه‌ر ئه‌وه‌ی، ئه‌و حزبه گرنگترین ئامێره به‌ده‌ست ئێرانه‌وه له ناوچه‌كه، هه‌ر ئه‌ویش بووه كه راهێنانی به حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌كان كردووه، كه بوونه‌ته هێزێكی گه‌وره‌ی مه‌زهه‌بی له عێراق، هه‌روه‌ك هێزه‌كانی رژێمی سووریا و هێزه لۆكاڵیه‌كانی شیعه‌كانی لوبنانی مه‌شقداوه. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه، چه‌ندین چه‌كداری حزبوڵڵا ئێستا له‌یه‌مه‌ن پشتگیری له ئێران ده‌كه‌ن، بۆ هاوكاریكردنی حوسیه یاخیبووه‌كان، كه بوونه‌ته ئامانجی هاوپه‌یمانی عه‌ره‌بی به‌سه‌رپه‌رشتی سعودیه.
له‌و راپۆرته‌دا هاتووه "سووریا كه له ساڵی 2011 توشی ئاڵۆزی بووه، حزبوڵڵا له‌ساڵی 2013ـه‌وه شانبه‌شانی هێزه‌كانی ئه‌سه‌د به‌ئاشكرا ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی له‌و وڵاته‌دا ده‌كات، ئێستا ئه‌و بووه‌ته هاوپه‌یمانێكی مه‌یدانی بۆ حكومه‌تی سووریا له سه‌نگه‌ره‌كانی شه‌ڕ و توانیویه‌تی هاوكێشه‌ی هێز له‌و وڵاته بگۆڕێت و باڵانسه‌كه به‌لای رژێمی ئه‌سه‌ددا بشكێنێته‌وه".
به‌یتار روونیش ده‌كاته‌وه "له‌م روانگه‌یه‌وه حزبوڵڵا زۆرترین ده‌سه‌ڵاتی له سووریا به‌ده‌سته‌وه‌یه، چونكه له‌ئێستادا تواناكه‌ی له به‌رگریه‌وه بۆ هێرشكردن گۆڕاوه".
هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌و حزبه‌وه، جوزیف باحوت، كه توێژه‌رێكی پرۆگرامی كارنیغی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته، بۆ ئاژانسی رۆژنامه‌وانی فه‌ره‌نسی گوتی، ئێستا حزبوڵڵا بووه‌ته نموونه‌یه‌ك بۆ سه‌رجه‌م هێزه بچووكه‌كان له ناوچه‌كه، به‌تایبه‌ت بۆ حوسییه یاخیبووه‌كانی یه‌مه‌ن.
باحوت له‌و باوه‌ڕه‌دایه "ئه‌و حزبه بووه‌ته مرواری تاج و ئه‌و هێزه‌ی كه رێگه به‌ئێران ده‌دات له‌ماوه‌ی ئه‌م سی ساڵه‌دا ببێت به خاوه‌ن گه‌وره‌ترین هێز له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".
ئاژانسی ئه‌ی ئێف پی ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات "دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی هه‌فته‌یه‌ك به‌سه‌ر ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حه‌ریری، هێشتا به‌فه‌رمی له‌لوبنان په‌سه‌ند نه‌كراوه، له‌كاتێكدا شه‌وی یه‌كشه‌ممه حه‌ریری ئه‌و بێده‌نگیه‌ی شكاند و ره‌خنه‌ی له رۆڵی حزبوڵڵا له نانه‌وه‌ی ئاژاوه و كێشه‌كانی ناوچه‌كه گرت، له‌سه‌رووی هه‌مووشیانه‌وه له سووریا و یه‌مه‌ن".
هاوسه‌نگی ترس و تۆقاندن:
ئاژانسی رۆژنامه‌وانی فه‌ره‌نسی ده‌ڵێت "ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی حه‌ریری نیگه‌رانی و ترسی له لوبنان درووست كردووه، چونكه لوبنان وڵاتێكی بچوكه و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی به شه‌راكه‌ت و ته‌وافوق له‌نێوان هێزه سیاسیه‌كان و مه‌زهه‌به سه‌ره‌كیه‌كاندا دابه‌شكراوه".
له‌درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه "شه‌وی هه‌ینی حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا ئه‌مینداری گشتی ئه‌و حزبه له لێدوانێكی ته‌له‌فزیۆنیدا ریازی به‌وه تۆمه‌تبار كرد، كه ئیسرائیل بۆ لێدانی لوبنان هان ده‌دات"، گوتیشی "له‌سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه حزبوڵڵا چه‌ندین جار له‌گه‌ڵ ئیسرائیل له باشووری لوبنان كه‌وتۆته شه‌ڕ، دوایین شه‌ڕیش له‌ساڵی 2006 بوو، كه له‌و شه‌ڕه‌دا نزیكه‌ی 1200 كه‌س له لوبنان كوژران، زۆربه‌یان خه‌ڵكی سڤیل بوون، له‌كاتێكدا 160 ئیسرائیلیش كوژران كه زۆربه‌یان سه‌ر به هێزه سه‌ربازیه‌كان بوون".
نه‌سروڵڵا هۆشداریشیدا "ئه‌گه‌ر سعودیه به‌ره‌یه‌كی جه‌نگ له‌گه‌ڵ حزبوڵڵا بكاته‌وه، مه‌ترسی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ له سه‌رانسه‌ری ناوچه‌كه ده‌بێته ئه‌مری واقع".
به‌گوێره‌ی ئه‌و ئاژانسه، باحوت له‌باره‌ی نیازی ئه‌و حزبه بۆ شه‌ڕكردن ده‌ڵێت "حزبوڵڵا و ئیران پێشتر ئه‌وه‌یان سه‌لماندووه، كه ئه‌وان نایانه‌وێ بچنه ناو جه‌نگێكی كلاسیكی، به‌ڵكو ئه‌گه‌ر نیازیان هه‌بێت، ئه‌وا بۆنموونه له ئیمارات و رۆژهه‌ڵاتی سعودیه ده‌ده‌ن، یاخۆد هه‌وڵ ده‌ده‌ن ناسه‌قامگیری له‌و ناوچانه‌ی سعودیه بڵاو بكه‌نه‌وه كه شیعه نشینن".
هه‌روه‌ها ئه‌و توێژه‌ره ده‌ڵێت، ئێستا ئێمه كه‌وتووینه‌ته به‌رده‌م زۆر فاكته‌ری مه‌ترسیدار، كه ئه‌گه‌ر ئێران و حزبوڵڵا له‌لایه‌ن هێزه به‌رهه‌ڵستكاره‌كانی دیكه‌ی ناوچه‌كه وه‌ڵام بدرێنه‌وه، ئه‌وا به‌ئه‌سته‌م ده‌توانرێت پێشبینی ئه‌نجامه نیگه‌تیڤه‌كان بكرێت، چونكه له‌لایه‌ك سعودیه كه به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌یه و له‌لایه‌كی دیكه‌وه گوتاره‌كانی ئیسرائیل، كه له‌وانه‌یه جه‌نگێكی زۆر مه‌ترسیدار له‌ناوچه‌كه به‌دوای خۆدا بهێنن، بێگومان ئه‌نجامه‌كانیش له‌ئاستی ئه‌و مه‌ترسیانه كه‌متر نابن و زیانی زۆری بۆ هه‌موو لایه‌ك ده‌بێت.