ئه‌مه‌ریكا گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاشكرا ده‌كات
ئه‌مه‌ریكا پرۆسه‌ی به‌هێزكردنی به‌رگری ئاسمانی سعوودیه خێراتر ده‌كات
K24 - هه‌ولێر:
سه‌رچاوه‌یه‌ك له كۆشكی سپی رایده‌گه‌یه‌نێت، ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، له رێگه‌یه‌كی خێراتر ده‌گه‌ڕێت بۆ به‌هێزكردنی سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی سعوودیه و هه‌وڵیش ده‌دات رێگه له گواستنه‌وه‌ی چه‌كی ئێرانی بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بگرێت.
رۆژنامه‌ی "وۆڵ ستریت جۆرنال"ی ئه‌مه‌ریكی ئه‌مڕۆ شه‌ممه، له زاری سه‌رچاوه‌یه‌كی له كۆشكی سپی بڵاویكردووه‌ته‌وه، پڕچه‌ككردنی حزبوڵڵا و هاوپه‌یمانه‌كانی دیكه‌ی ئێران له‌لایه‌ن تارانه‌وه، گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه‌یه.
به گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كه، ئیداره‌ی تره‌مپ ده‌یه‌وێت ته‌واوی سه‌رنجی خۆی بخاته سه‌ر ئه‌و پرسه و رێگه له‌و هه‌ڕه‌شه‌یه بگرێت، هاوكات جه‌ختیش له‌سه‌ر چاره‌سه‌ری پرۆسه‌ی سیاسی ده‌كاته‌وه له لوبنان، به‌تایبه‌تیش دوای ده‌ست له كاركێشانه‌وه له ناكاوه‌ی سه‌عد حه‌ریری له پۆستی سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌و وڵاته.
رۆژنامه‌كه باس له‌وه‌ش ده‌كات، به گوێره‌ی گرێبه‌ستێكی 15 ملیار دۆلاری نێوان ریاز و واشنتن، كه له ئۆكتۆبه‌ری رابردوو مۆركراوه، ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێت په‌له بكات له جێبه‌جێكردنی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بۆ به‌هێزكردنی سیسته‌می به‌رگری ئاسمانی سعوودیه.
ئه‌مه‌ریكا هه‌وڵ ده‌دات بڕیارێكی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كه پێشتر ده‌ركراوه و هه‌نارده‌كردنی چه‌كی ئیرانی قه‌ده‌غه‌كردووه، جێبه‌جێ بكات و رێگه‌نه‌دات ئێران چه‌ك به هاوپه‌یمانه‌كانی بدات له ناوچه‌كه، به تایبه‌تیش دوای ئاراسته‌كردنی مووشه‌كێكی بالیستی ئێران له‌لایه‌ن حووسییه‌كانی یه‌مه‌نه‌وه بۆ ریازی پایته‌ختی سعوودیه.