حه‌ریری ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌یروت
رۆژی چوارشه‌ممه حه‌ریری قاهیره به‌ره‌و لوبنان جێ ده‌هێڵیت
K24- هه‌ولێر:
به‌گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، سه‌عد حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیری ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی لوبنان رایگه‌یاندووه، دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عه‌بدولفه‌تاح سیسی سه‌رۆكی میسر، له چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا له رۆژی چوارشه‌ممه قاهیره به‌ره‌و وڵاته‌كه‌ی جێ ده‌هێڵیت.
ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه سه‌عد حه‌ریری سه‌رۆك وه‌زیری ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی لوبنان به سه‌ردانێك له پاریسی پایته‌ختی فه‌ره‌نساوه گه‌یشته قاهیره و له‌گه‌ڵ عه‌بدولفه‌تاح سیسی كۆبووه‌وه.
ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه چاوه‌ڕوان نه‌كراوه‌كه‌ی حه‌ریری له ریازی پایته‌ختی سعودیه له 4ی ئه‌م مانگه، گرژیه‌كی سیاسی خسته وڵاتی لوبنان، ئه‌م بابه‌ته‌ش بۆ ئاڵۆزیه‌كی ناوچه‌یی هه‌رێمی ته‌شه‌نه‌یكرد و بووه هۆی ئه‌وه‌ی هه‌ڵچوونی زیاتر له‌نێوان سعودیه و ئێران روو بدات، چونكه باس له‌وه ده‌كرا، حه‌ریری له‌ژێر فشاره‌كانی ئێران و حزبوڵڵا ده‌ستی له‌كاره‌كه‌ی كێشاوه‌ته‌وه.
به به‌رده‌وامیش ده‌گوترا، حه‌ریری و خانه‌واده‌كه‌ی له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی شاهانه‌ی سعودیه‌وه ده‌ستبه‌سه‌ر كراون، تائه‌و كاته‌ی حه‌ریری سه‌ردانی فه‌ره‌نسای نه‌كرد، گومانه‌كه نهڕهوایهوه.