UN ده‌ڵێت: هێزه عێراقیه‌كان تاوانى جه‌نگیان ئه‌نجامداوه و پێویسته لێكۆڵینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت
رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ: هێزه ئه‌منیه‌كان و میلیشیا شیعه‌كانی عێراق چه‌ندین تاوانی جه‌نگی وه‌ك كوشتن و كۆچپێكردن و ده‌ستگیركردن و ئه‌شكه‌نجه‌دانیان ئه‌نجامداوه
K24- هه‌ولێر:
هه‌رچه‌نده له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردوودا رێكخراوێك به‌ناوی داعش سه‌ری هه‌ڵدا و به دڕنده‌ترین رێكخراوی تیرۆریستی له‌سه‌ر ئاستی جیهان ناسێندرا، به‌ڵام ئه‌وه‌ش مانای وا نییه كه ئه‌و هێزانه‌ی رووبه‌ڕوویان بوونه‌وه له تاوان بێبه‌ری بن. یه‌كێك له‌و هێزانه‌ش كه له شه‌ڕی دژ به‌و رێكخراوه به‌شدار بوو، هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراق بوون و تائێستاش چه‌ندین جار په‌نجه‌ی تۆمه‌ت و پێشێلكاری مافی مرۆڤ له‌كاتی شه‌ڕدا بۆ ئه‌و هێزانه درێژكراوه، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق هیچ وه‌ڵامێكی نه‌بووه.
له‌مباره‌یه‌وه به‌رپرسێكی باڵای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داوا له حكومه‌تی عێراق ده‌كات، هه‌رچی زووه به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه بۆ ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی دژ به مافه‌كانی مرۆڤ بكات، كه له‌كاتی شه‌ڕدا له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كانی عێراقه‌وه له‌شوێنه جیاوازه‌كان ئه‌نجامدراون.
"ئه‌گنیس كالامارد" بڕیارده‌ری تایبه‌تی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان تایبه‌ت به پرسه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی دادگا و له‌سێداره‌دان ده‌ڵێت "قۆناغی گواستنه‌وه‌ی نوێ له عێراق له ده‌رفه‌ت و ته‌حه‌دیات پێك هاتووه".
كالامارد گوتیشی "پێویسته حكومه‌تی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی كارامه و ده‌ستپاك به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی هێزه ئه‌منیه‌كان بكات، بۆئه‌وه‌ی متمانه به‌ده‌ستبهێنێت و به‌هێزی بكات".
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، شه‌ڕی عێراق به هاوكاری هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌دژی چه‌كدارانی رێكخراوی داعش، له‌ناو پێشێلكاری دژ به مافه‌كانی مرۆڤدا نوقوم بووه، سه‌رجه‌م ئه‌و پێشێلكاریانه‌ش له‌لایه‌ن هێزه ئه‌منیه‌كان و میلیشیاكانی شیعه‌وه ئه‌نجامدراون و وه‌ك خۆی ئاماژه‌ی پێكرد، رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ ئه‌و پێشێلكاریانه‌ی به تاوانی جه‌نگ ناساندووه، چونكه زۆربه‌ی ئه‌و تاوانانه خۆیان له كوشتن له ده‌ره‌وه‌ی یاسا و كۆچپێكردن و ده‌ستگیركردن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی هاووڵاتیاندا ده‌بیننه‌وه.

