ژماره‌ی كوژراوانی مزگه‌وته‌كه‌ی میسر گه‌یشته 305 كه‌س
128 كه‌سیش بریندارن
K24 - هه‌ولێر:
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 25/11/2017 ده‌زگای داواكاری گشتی میسر رایگه‌یاند: "ژماره‌ی قوربانیانی هێرشه‌كه‌ی سه‌ر مزگه‌وتی "الروضة"ـی ناوچه‌ی عه‌ریش له باكووری پارێزگای سینا بۆ 305 كوژراو و 128 بیریندار به‌رزبووه‌ته‌وه".
له به‌یاننامه‌یه‌كی داواكاری گشتیدا هاتووه "ئه‌و چه‌كداره تهكفیریانهی هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجامداوه، به 5 ئۆتۆمبێله‌وه هاتوون و 7 ئۆتۆمبێلی نوێژخوێنه‌كانیشیان سووتاندووه و ته‌قه‌یان له نوێژخوێنه‌كان كردووه‌و به‌هۆی هێرشه‌كه‌وه 305 كه‌س كوژراون كه 27ـیان منداڵن و له‌گه‌ڵ كه‌سوكاریان چوبوونه نوێژی هه‌ینی و 128 كه‌سی دیكه‌ش له‌و رووداوه‌دا بریندار بوون".
له به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ی ئه‌وه‌دراوه كه "ژماره‌ی چه‌كداره‌كان 25 بۆ 30 كه‌س بوون و ئاڵای داعشیان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌و به‌رده‌م ده‌رگای مزگه‌وته‌كه‌یان گرتووه و 12 چه‌كدار له به‌رده‌م ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌كانی مزگه‌وته‌كه‌دا راوهستاوون و ته‌قه‌یان له نوێژخوێنه‌كان كردووه".
ئه‌و كرده‌وه خوێناوییه له ئاستی وڵاتانی ناوچه‌كه و جیهان نیگه‌رانی زۆری به‌دووای خۆیدا هێنا و وڵاتان سه‌ركۆنه‌ی هێرشه‌كه‌یان كرد.