سوپای پاسداران هه‌ڕه‌شه له ئه‌وروپا ده‌كات
جێگری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران: ببنه هه‌ڕه‌شه بۆ تاران مه‌ودای مووشه‌كه‌كانمان زیاد ده‌كه‌ین
K24 - هه‌ولێر:
جه‌نه‌راڵ حسێن سه‌لامی، جێگری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشدایی ده‌داته ئه‌وروپا و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا هه‌ڕه‌شه له تاران بكات، ئه‌وكاته سوپای پاسدران مووشه‌كه‌كانی وا لێده‌كات كه زیاتر له 2 هه‌زار كیلۆمه‌تر بڕۆن".
له لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی فارس نیوز، جێگری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران گوتوویه‌تی: "ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا هه‌ڕه‌شه له تاران بكات، سوپای پاسدرانیش مه‌ودای مووشه‌كه‌كانیان بۆ زیاتر له 2 هه‌زار كیلۆمه‌تر زیاتر ده‌كه‌ن".
سه‌لامی ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌ر ئێمه مه‌ودای مووشه‌كه‌كانمان له 2 هه‌زار كیلۆمه‌تر زیاتر ناكه‌ین، واتای ئه‌وه نییه كه له رووی ته‌كنه‌لۆژیاوه هه‌ژاربین، به‌ڵكو ئێمه پابه‌ندین به پرنسیپه ستراتیژییه‌كانه‌وه".
جێگری فه‌رمانده‌ی سوپای پاسدارانی ئێران گوتوویه‌تی: "تا ئێستا هه‌ست ناكه‌ین ئه‌وروپا بووبێته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌رمان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش مه‌ودای مووشه‌كه‌كانمان زیاد نه‌كردووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وروپا بیه‌وێت ببێته هه‌ڕه‌شه له‌سه‌رمان، ئێمه‌ش مه‌ودای مووشه‌كه‌كانمان زیاد ده‌كه‌ین".