یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان: پاراستنی قەوارەی هەرێم لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لەسەر بارودۆخی ئێستای کوردستان و دوا پێشهاتەکان پەیامێکی ئاراستەی حزب و لایەنە سیاسییەکان و جەماوەری کوردستان کرد و داوا دەکات لەپێناو بەرژەوەندییە باڵاکانی گەل و هەرێمی کوردستان، رێگەی یەکڕیزی، سازان و ئاشتەوایی نیشتمانی بگیرێتە بەر.

ئەمڕۆ سێشەممە، 17ـی تشرینی دووەمی 2026، یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: "هەمووان درک بەوە دەکەین کوردستان لە قۆناخێکی هەستیاردایە؛ لەم هەلومەرجە تایبەت و پڕ لە کێشمەکێش و هاوکێشە سیاسی و ناوچەییانەدا، بەرگەی پەرتەوازەیی، ناکۆکی و ململانێی زیاتر ناگرێت."

یەکێتی زانایان جەختی لەوە کردووەتەوە، پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، بەرژەوەندیی نیشتمان، یەکهەڵوێستیی نەتەوەیی و سەقامگیریی نێوماڵی کورد لە سەرووی هەموو لایەنەکان و هەر بەرژەوەندییەکی دیکەوەن. ئاماژەی بەوەش داوە، کوردستان بە دەریایەک خوێن و خەبات گەیشتووەتە ئەم قۆناخە و ناکرێت لەپێناو بەرژەوەندیی کاتی، تایبەتی و حزبی، تووشی قەیرانێکی قووڵتر و دۆخێکی نەخوازراو بکرێت کە دواجار هەمووان لێی پەشیمان ببنەوە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، کوردستان و دامەزراوە شەرعییەکان موڵکی گشتیی گەلن و ناکرێت وەک کەرەستە و کارتی ململانێی سیاسی و دروستکردنی مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم بەکار بهێنرێن. دووپاتیشی کردووەتەوە، هەر کەسێک ئیرادەی خێری بۆ کورد و کوردستان نەوێت، یاری بە چارەنووس، مافە نەتەوەییەکان و مێژووی کورد دەکات.

یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە پەیامەکەیدا بە پێویستی زانیوە هەموو لایەک بێنە ژێر باری بەرپرسیارێتی، خواستی هیچ لایەنێک پەراوێز نەخرێت و دۆخی دەروونی و باری گوزەرانی هاووڵاتییان لەبەرچاو بگیرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەدا بە بیری لایەنەکانی هێناوەتەوە کە "کورد نەیاری زۆرە و تەنیا کوردە دەتوانێت دۆست، پاڵپشت و هێزی راستەقینەی کورد بێت"، بۆیە داوای لە هەمووان کردووە رۆڵی دڵسۆزانەی خۆیان بگێڕن تا بەرهەمی خەبات و قوربانییە مێژووییەکان لەبار نەبرێت و کوردستان و دەستکەوتەکانی وەک گلێنەی چاو بپارێزرێن.