"جه‌نگێكی نـــوێ هه‌ڵده‌گیرسێ"
ئیسرائیل لایه‌نێكی سه‌ره‌كی جه‌نگه‌كه ده‌بێت و "ئه‌مریكا پاڵپشتی ده‌كات"

K24 - هه‌ولێر:
له دیدارێكدا له‌گه‌ڵ پێگه‌ی ئه‌لیكترۆنی، روسكايا ڤيسنا (به‌هاری رووسی) ئه‌نتۆنیۆ گۆتێرێس، سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند: "مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگێكی نوێ له رۆژهه‌لاتی ناوه‌ڕاست ده‌ركه‌وتووه".
به‌گوێره‌ی بۆچوونی سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی چه‌كداریی نێوان حزبوڵڵای لوبنان و ئیسرائیل، ده‌بێته هۆی هه‌ڵگیرساندنی ئه‌و جه‌نگه.
گۆتێرێس ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرساندنی ئه‌و جه‌نگه نوێیه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راستی په‌یوه‌ستكردووه به كۆتاییهاتنی جه‌نگی تیرۆر له سووریا.
سكرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان ده‌ڵێت: "ئیسرائیل پاڵپشتی مانه‌وه‌ی به‌شار ئه‌سه‌دی سه‌رۆكی سووریا ناكات و هاوشانی ئه‌و لایه‌نانه ده‌وه‌ستێته‌وه كه ده‌یانه‌وێت له ده‌سه‌ڵات لایبده‌ن، له‌پێناو ئه‌وه‌شدایه كه فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل، بۆردوومانی سوپای سووریا و حزبوڵڵای هاوپه‌یمانی ئه‌سه‌د ده‌كه‌ن. به‌ڵام به‌هۆی سه‌رقاڵبوونی حزبوڵڵا به جه‌نگی دژی داعش و گرووپه‌كانی نه‌یاری ئه‌سه‌د، هیچ وه‌ڵامێكی ئیسرائیلی نه‌داوه‌ته‌وه‌و سه‌رجه‌م هێزه‌كانی بۆ جه‌نگی سووریا ته‌رخانكردووه".
گۆتێرێس پێیوایه، كاتێك سوپای سووریاش، ده‌ستی به‌تڵ ده‌بێت و له شه‌ڕی دژی گرووپه توندڕه‌وه‌كان و ئۆپۆزیسیۆنی سووری دێته ده‌ره‌وه، حزبوڵلای هاوپه‌یمانی به ته‌نها جێناهێڵێت و هه‌ر ئه‌وه‌ش گه‌یاندوویه‌تییه ئه‌و باوه‌ڕه‌ی جه‌نگی نوێ له ناوچه‌كه‌دا هه‌ڵده‌گیرسێت.
له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا، ئه‌لیكسه‌نده‌ر ئهساڤۆف، شرۆڤه‌كاری سیاسی رووسی ده‌ڵێت: "به دووری نازانم ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش، له ئه‌گه‌ری هه‌ڵگیرسانی ئه‌و جه‌نگه‌دا دژی حزبوڵڵا، پاڵپشتی ئیسرائیل بكات".