نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق: پێویسته‌ گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و بەغدا دەستپێبكه‌ن

پێویسته‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ردوولا بێت

K24- هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له‌گه‌ڵ دۆگلاس سیلیمان باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عیراق و شاندێكی یاوه‌ری كۆبۆوه.

له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له دوا پێشهاته سیاسییه‌كان و بارودۆخی ئه‌منیی عیراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه و ڕه‌شنووسی پڕۆژه یاسای بودجه‌ی گشتیی عیراقی فیدراڵ كرا.

ھەر لەو كۆبوونەوەیەدا په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان واشنتۆن ـ هه‌ولێر و په‌ره‌پێدانی زیاتریان له بواره جیاوازه‌كاندا به شێوه‌یه‌ك كه له به‌رژوه‌ندیی هه‌ردوولادا بێت، خرانه به‌ر باس و گفتوگۆ.

هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنی گفتوگۆ و دیالۆگێكی جددیی له‌نێوان حكوومه‌تی فیدراڵ و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستووری عیراق كرده‌وه.