لە جگەرەکێشەکانی تورکیا دەقەومێت
وەزارەتی تەندروستیی تورکیا پڕۆژەیاسایەکی ئامادەکردووە و بڕیارە بەم نزیکانە لە پەرلەمانی تورکیا پەسند بکرێت، تایبەت بە توندترکردنی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی جگەرەکێشان و بەکارهێنانی بەرهەمەکانی تووتن لە وڵاتەکە، بەگوێرەی پڕۆژەکە، جگەرکێش بۆ کڕینی جگەرە و پاکەت دەبێت ناسنامەی پێ بێت.
کەمال مەمیشئۆغڵو، ئەمڕۆ شەممە 10ـی تشرینی یەکەمی 2026، قسەی بۆ کەناڵی فەرمیی وڵاتەکەی کرد و باسی پرۆژە یاسا نوێیەکەی بەرەنگاربوونەوەی جگەرە و بەرهەمەکانی تووتن کردووە و رایگەیاند، لەمەودوا جگەرەکێشەکان بەبێ پیشاندانی ناسنامە، جگەرەیان پێ نافرۆشرێت و رێکارەکانی قەدەخەی جگەرەکێشان لە شوێنە گشتییەکاندا توندتر دەکرێت.
مەمیشئۆغڵو دەڵێت: لەم دواییانەدا تێبینی دەکرێت ئامارەکانی جگەرەکێشان بەرزبووەتەوە و ئامانجی سەرەکیی پڕۆژەیاسا نوێیەکە ئەوەیە، رێگریی زیاتر تەشەنەسەندنی جگەرەکێشان وەک "خوویەکی ئاسایی و سروشتی" لەنێو کۆمەڵگەدا بکرێت.
وەزیری تەندروستیی تورکیا رایگەیاند، بەگوێرەی یاساکانی ئێستا، فرۆشتنی جگەرە و بەرهەمەکانی تووتن بە کەسانی خوار تەمەنی 18 ساڵ قەدەخەیە، بەڵام بە یاسایەکی نوێ چاودێرییەکان و بڕیاری قەدەخەکردنەکە توندتر دەکەین بۆ ئەوەی بە تەواوەتی دەستڕاگەیشتنی منداڵان بە جگەرە بنەبڕ بکرێت.
بەگوێرەی راپۆرتی ناوەندی ئاماریی تورکیا، لە ئاستی کۆمەڵگەی ئەو وڵاتەدا رێژەی جگەرەکێشان لەنێوان رەگەزی نێردا 41.3% بۆ 46% دەبێت، هەروەها لەنێو رەگەزی مێدا 15.5%ـەوە بۆ 17.5% دەبێت، هاوکات رێژەی جگەرەکێشانی رۆژانە لە نێوان هەرزەکارانی تەمەن 15 ساڵدا زیاتر لە 28.3%ـە
هەروەها بە درێژایی ساڵی 2025، نزیکەی 160 ملیار جگەرە، واتە 8 ملیار پاکەت لە تورکیا فرۆشراوە.
پڕۆفیسۆر دکتۆر شەوکەت ئۆزکایا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی سی هۆشداری لە زۆری ژمارەی جگەرەکێشان لە تورکیا داوە و رایگەیاندووە، بەگوێرەی داتاکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، لەو تورکیا تێکڕای رۆژانەی جگەرە کێشان بۆ هەر کەسێک 17.1 جگەرەیە، ئەمەش بەرزترین ئاستی پێوانەی جیهانییە، لە دوای تورکیاش یۆنان بە 15.7 جگەرە بۆ هەر تاکێک لە پلەی دووەم دێت.