هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی روونكردنه‌وه‌ له‌ باره‌ی بوونی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ خورماتوو بڵاوده‌كاته‌وه‌

گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی روونكردنه‌وه‌ ده‌دات

K24 - هه‌ولێر:

رایان دیلن، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش، هه‌واڵی چوونی هێزێكی هاوپه‌یمانان بۆ خورماتوو ره‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێت: "ئه‌و هه‌واڵانه‌ راست نین".

گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ تویته‌ره‌كه‌ی خۆیدا، له‌ باره‌ی بڵاوه‌پێكردنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی له‌ خورماتوو، نووسیویه‌تی: "چه‌ند وێبسایتێك هه‌واڵێكی له‌ زاری منه‌وه‌ بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ گوایه‌ هێزی هاوپه‌یمانان له‌ خورماتوو بڵاوه‌ی پێكراوه‌، كه‌ هه‌ڵه‌یه‌ و راست نییه‌".

هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "باوه‌ڕیان پێمه‌كه‌ن و هه‌ڵه‌ن، حكوومه‌تی عێراق ده‌زانێت چۆن و چه‌ند سه‌ربازی هاوپه‌یمانان له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی تێشكاندنی داعش هاوكارییان ده‌كه‌ن".

له‌ دوێنێوه‌ چه‌ند وێبسایتێكی هه‌واڵی عێراقی، ده‌نگۆی بڵاوه‌پێكردنی هێزێكی هاوپه‌یمانانییان له‌ نزیك شارۆچكه‌ی خورماتووی باشووری كه‌ركووك بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام گوته‌بێژی هاوپه‌یمانان ره‌تیده‌كاته‌وه‌ هیچ هێزێكیان ره‌وانه‌ كردبێت.

شارۆچكه‌ی خورماتوو له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ له‌لایه‌ن چه‌ند به‌رپرسێكی دیاریكراوی ناو حزبێك، راده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی كراوه‌ و به‌ هۆی داگیركردنی خورماتووش تا ئێستا ماڵی ده‌یان هاووڵاتی كورد سووتێنراو ن وته‌قێندراونه‌ته‌وه‌.

پێشتریش به‌رپرسی مه‌ڵبه‌ندی خورماتووی یه‌كێتی بۆ كوردستان 24 رایگه‌یاند، ئه‌وه‌ی له‌ خورماتوو رووده‌دات، جینۆسایده‌.