ماكرۆن و نێچیرڤان بارزانی باسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆمیان نه‌كردووه‌

"ماكرۆن پاڵپشتی مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی كوردی كردووه‌"

K24 - هه‌ولێر:

عه‌لی دۆڵه‌مه‌ڕی، نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ فه‌ڕه‌نساو ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 4/12/2017 رایگه‌یاند: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی نێوان، ئیمانوێل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا و نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری، باسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌ره‌نجامی ریفراندۆم نه‌كراوه‌و ته‌نها سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا ریزگرتنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق به‌رز نرخاندووه‌ كه‌ دادگاكه‌ ته‌ئكیدی له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی عێراق كردووه‌ته‌وه‌".

نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ فه‌ره‌نسا به‌ كه‌ناڵی سۆمه‌رییه‌ی عێراق گوتووه‌: "پرسی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی ریفراندۆم، له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ماكرۆن و نێچیرڤان بارزانی باس نه‌كراوه‌، ئامانجی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ئاساییكردنه‌وه‌ی ره‌وشی سیاسی و ئابووری و سه‌ربازی نێوان به‌غدا و هه‌ولێر بووه‌، له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراقدا".

دۆڵه‌مه‌ڕی ده‌ڵیت: "سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا هه‌ڵوێستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی ده‌رباره‌ی رێزگرتن له‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی به‌رز نرخاندووه‌ كه‌ ته‌ئكید له‌سه‌ر یه‌كپارچه‌یی عێراق ده‌كاته‌وه‌، پاڵپشتی وڵاته‌كه‌یشی بۆ مافه‌كانی كورد له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق و ده‌وڵه‌تی عێراقدا ده‌ربڕیوه‌".

رۆژی 2/12/2017 شاندێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تی نێچیرڤان بارزانی، له‌گه‌ڵ ئیمانویل ماكرۆن، سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا كۆبوونه‌وه‌.