سەرۆك بارزانی پێشوازی لە شاندی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان كرد

سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی حزبی شیوعی و لایەنگرانی كرد لە پاڵپشتیكردنی ریفراندۆم

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌مڕۆ سێشەممە 5ى كانوونى يه‌كه‌م/ ديسێمبه‌رى 2017، لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە شاندێكی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعیی كوردستان كرد.

لە دیدارەكەدا سەرۆك بارزانی سوپاسی هەڵوێستی حزبی شیوعی و لایەنگرانی كرد لە پاڵپشتیكردنی ریفراندۆم و رۆڵی حزبی شیوعی لەو پرۆسە نیشتیمانییە گرنگەدا بەرز نرخاند و لە وتەیەكدا بە تیروتەسەلی قۆناغی دوای ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەر و هەڵوێستی بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شیكردەوە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا شاندی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی جەختیان لە هەڵوێستی حزبەكەیان لەمەڕ ریفراندۆم و پرسە نیشتیمانییەكان كردەوە و بۆچوونی خۆیان لەبارەی كێشە و تەحەدیاتەكانی بەردەم گەلی كوردستان خستەڕوو.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بار و گوزەرانی خەڵك و رێوشوێن بۆ دەربازبوونی قۆناغ و كۆسپەكان و پێویستیی دەستەبەركردنی یەكهەڵوێستیی سیاسیی لایەنە كوردستانییەكان خرایە بەر باس و گفتوگۆ و وێڕای تیشكخستنەسەر پڕۆسەی سیاسیی هەرێم، هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە هەڵبژاردن باشترین رێگەیە بۆ چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان و لەپێناو باشكردنی ژیانی خەڵكیش پێویستە لایەنە سیاسییەكان یارمەتیدەری حكوومەتی هەرێم بن.